کورد لەپەرلەمانی عیراق پشتیوانی لە عادل عەبدولمەهدی دەکات
پەرلەمانتارێکی کورد لەپەرلەمانی عیراق دەڵێت: تائیستا دیار نیە سەرۆک وەزیران بەشداری کۆبوونەوەکە دەکات یان نا، باسی لەوەشدەکات وەک کورد پشتیوانی لەکابینەکەی عەبدولمەهدی دەکەن.
شیروان میرزا پەرلەمانتاری فراکسیۆنی یەکێتی لەئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق بە PUKmediaی راگەیاند: ئەمڕۆ 31ی تشرینی یەکەمی 2019، ئەنجومەنی نوێنەران بۆ درێژەدان بەکۆبوونەوەی چەند رۆژی رابردووی کە تایبەتە بەپەسەندکردنی ئەو بڕیارانەی لەلایەن حکومەتەوە بۆ جێبەجێکردنی داواکاری خۆپیشاندەران و چارەسەرکردنی ئەو دۆخەی ئێستا لەعیراق هەیە.
وتیشی: تائێستا نازانین عادل عەبدولمەهدی سەرۆک وەزیرانی عیراق بەشداری کۆبوونەوەکە دەکات یان نا،
ئەو پەرلەمانتارەی فراکسیۆنی یەکێتی راشیگەیاند: وەک پەرلەمانتارانی فراکسیۆنی یەکێتی لەبەغداین و بەشداری کۆبوونەوەکە دەکەین، پەرلەمانتارانی فراکسیۆنە کوردستانییەکانی دیکەش کە لەبەغدان بەشداری دەکەن، کوردیش بەگشتی پشتیوانیش لەعادل عەبدولمەهدی سەرۆک وەزیران عیراق دەکات بۆ مانەوەی لەپۆستەکەی، بۆیە لەنزیکەوە چاودێری بارودۆخەکە دەکەین بزانین چی روودەدات.
ئەوەشی خستەڕوو کە ئەو لایەنانەی داوای دەستلەکارکێشانەوەی سەرۆک وەزیران دەکەن تەنها داواکارییەو تائێستا نازانرێت لەناو پەرلەمان ژمارەی یاسایی پەرلەمانتاران ئامادە دەبن و کوتلەکان پشتیوانی لەداواکە دەکەن یاخود نا، بۆیە تائێستا روون نیە لەناو پەرلەمان لەوبارەیەوە چی رودەدات.