چواردەهەزار ئاوارەی کوردی سوریا ڕوویان کردۆتە هەرێمی کوردستانی عێراق
ناوەندی ئاواری هاواهەنگیی کاروباری قەیران لە هەرێمی کوردستانی عێراق، ڕایگەیاند، چواردە هەزار ئاوارەی کوردی سوریا ڕوویان کردۆتە هەرێم.
بەپێی ڕاپۆری هەواڵدەریی کوردپرێس بەگێڕانەوە لە ماڵپەڕی هاووڵاتی، شاڵاوی هاتنی ئاوارەی کوردی سوریا بۆ هەرێمی کوردستان کە پاش هێرشی سەربازیی بەرفراوانی تورکیا بۆسەر کوردستانی سوریاو لە نۆی ئۆکتۆبری٢٠١٩وە دەس پێ کرا، درێژەی بووەو ناوەندی ئاماری هاواهەنگیی کاروباری قەیران لە هەرێم ڕایگەیاندووە کە ژماری ئەو ئاوارانە لەهەرێم تائێستا گەیشتووەتە چواردە هەزار و ٣٤٣ کەس.
بەپێی ئەو هەواڵە، رۆژی یەکشەممە١٢ی خەزەڵوەریش ٢٥٦کەس لە کوردەکانی سوریا، بۆ لەئەماندابوون لە هێرشەکانی سوپای تورکیا ڕوویان کردە هەریم و لە کەمپی ئاوارەکانی گوێلان هەڵکەوتوو لە پارێزگای دەهۆک نیشتەجێ کران.
ئۆردوگای ئاوارەکانی هەرێمی کوردستان لە ساڵی٢٠١٤ و بۆ نیشتەجێ کردنی نزیک بە دوو ملوێن ئاوارەی شەڕی داعش چێکرا و ئێستا بووە بە شوێنی حەواندنەوەی ئاوارەی کوردی سوریا.
پێشتریش ٢٩٠ هەزار کەس لە کوردانی سوریا پاش دەسپێبوونی شەڕی ناوخۆی ئەو وڵاتە ڕوویان کردۆتە هەرێم و تائێستا لە ئۆردوگاکان نیشتەجێن .
واپێش بینی دەکرێ کە هاوکات لەگەڵ درێژەی پەلامارەکانی تورکیاو گرووپە جەهادییەکانی سەربەو وڵاتە بۆسەر کوردانی سوریا، ژماری ئاوارەی سوری لەهەرێمیش زیاد بکا.