هەرێمی کوردستان تاوتوێی چاکسازییەکانی وەزارەتی پێشمەرگە و بڕیارێکی دادگای فیدڕالی ئێراق دەکات
تشرینی دووهم 13, 2019 13:00 Asia/Tehran
لە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان، چەند پرسێکی جیاواز تاوتوێدەکرێن گرنگترینیان چاکسازییەکانی وەزارەتی پێشمەرگە و بڕیارێکی دادگای فیدڕالی ئێراقە.
سەمیر هەورامی، گوتەبێژی جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، وەزیری پێشمەرگە لەسەر پەیکەربەندی وەزارەتەکەی و چاکسازییەکانی وەزارەتی پێشمەرگە راپۆرتێک پێشکەشدەکات و خالید شوانیش وەک وەزیری هەرێم، دوو راپۆرت پێشکەشدەکات. بەگوتەی سەمیر هەورامی، یەکێک لە راپۆرتەکان لەبارەی بڕیارێکی دادگای فیدڕالی عێراقە لەبارەی هەمواری یاسای ئەنجوومەنی پارێزگاکان بەتایبەت لە مادەکانی 3و 12و16و 17، راپۆرتێکیش لەبارەی یاسای هەڵبژاردنەکانی عێراق پێشکەش دەکات. ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان، هەموو رۆژانی چوارشەممەیەک کۆبوونەوەی ئاسایی خۆی دەکات.