خۆپیشاندانەکان لە ھەرێمی کوردستان بەردەوامەو ھەتا ئێستا چەند کوژراوو بریندارێکی لێ کەوتووەتەوە
خۆپیشاندان و توندوتیژی لە ھەرێمی کوردستان بەردەوامەو بە پێی ڕێژەکان ھەتا ئێستا زیاتر لە بیست کوژراوو برینداری لێ کەوتووەتەوە.
بە پێی ڕاپۆرتی کەناڵی ئاسمانیی سەحەر بە گێڕانەوە لە میدیاکانی ھەرێمی کوردستان ، خۆپیشاندانی شاروشارۆچکەکانی سنوری پارێزگای «سلێمانی» و «هەڵەبجە» و «ئیدارەی گەرمیان» و «راپەڕین» بەردەوامە و لەخۆپیشاندانەکاندا چوار کەس کوژراون و لە «دەربەندیخان» دە کەس و لە«پیرمەگرون»یش ١١ کەس برینداربوونە.
بەڕێوەبەرایەتی تەندروستی دەربەندیخان ڕایگەیاندووە:، لە خۆپیشاندانەکانی شاری «دەربەندیخان» تا یٔێستا ١٠ کەس بریندار بوونە، برینی یەکێک لەوانە بەھۆی فیشەک بووە کە ڕەوانەی نەخۆشخانەی فریاکەوتنی «سلێمانیش» کراوە بۆ وەرگرتنی چارەسەری.برینی ٩ کەسیان سووکە ولە بەشی فریاکەوتنی نەخۆشخانەی شارەکە چارەسەرییان بۆ کراوە.
ئەمەو لە لایەکی دیکەوە لەناحیەی «پیرمەگرون» شەوی ڕابردوو بارەگای پارتی لەلایەن خۆپیشاندەرانەوە سوتێنراو وبەتەقەی هێزە حزبییەکانیش ١١ کەس برینداربوون.
لە«هەڵەبجە»ش سێ خۆپیشاندەر برینداربوونە کە برینی دوانیان سەختە. هەروها لەقەزای «کفری»ش خۆپیشاندەران رێگای سلێمانی کەرکوکیان داخست و بەهۆی تەقەی هێزە حزبییەکانەوە دووخۆپیشاندەر کوژران.
جێگای ئاماژەیە ، ماوەی چەند رۆژێکە خۆپیشاندان و ناڕەزایەتی لە بەشێک لە قەزا و ناحیەکانی سلێمانی و ئیدارەی گەرمیان و راپەڕین و پارێزگای هەڵەبجە دەستیپێکردووە و لە ئێستاش دا ھەروا بەردەوامەو کۆمەڵێک کوژراوو برینداری لێ کەوتووەتەوە.