تورکیا بنکەیەکی نوێ لە سنووری دھۆک دەکاتەوە
کانونی دوھەم 10, 2021 23:39 Asia/Tehran
سەرچاوە ئاسایشیەکانی عێراق باسی دانانی بنکەیەکی سەربازیی نوێی ئەرتەشی تورکیا دەکەن لە پارێزگەی دھۆکی ھەرێمی کوردستان .
بە پێی راپۆرتی میدیای ئەلمەعلوومە ، سەرچاوە ئاسایشیەکانی عێراق رایانگەیاند ، بنکەی نوێی ھێزەکانی تورکیا لە رێگای پێوەندیی بنکەکانی دیکە لە پارێزگەی دھۆک و سنووری تورکیا ھەڵکەوتووە و سەدان ھێزی سەربازی و شەڕئامێری تێدایە .
بە گوتەی ئەم سەرچاوانە ، ئامانج لە دانانی ئەم بنکەیە لە لایەن تورکیاوە باڵادەستیی زیاتر لە نزیکی سنووری سوریا و عێراق و لە نزیک پارێزگەی نەینەوا و شنگالە .
پێشتر ھاوکار جاف ئەندامی یەکیەتی نیشتمانیی کوردستان رایگەیاندبوو نزیکەی 50 سەربازگە و بنکەی لەشکەریی تورکیا لە دوو پارێزگەی ھەولێر و دھۆک دانراون .