یاساناسان و پارێزەرانی ھەرێمی کوردستان: پەلاماردانی دادگاکان و دەزگای دادوەری سەرکۆنە دەکەین
ژمارەیەکی زۆر لە یاساناسان و پارێزەرانی کوردستان سەبارەت بەو هێرشانەی دەکرێنە سەر دادگاکانی هەرێم و دەزگای دادوەری ڕاگەیەندراوێکیان بلاوکردەوەو ئاماژە بۆئەوەدەکەن" پەلاماردانی دادگاکانی هەرێمی کوردستان و دەزگای دادوەری بەتوندی سەرکۆنە و شەرمەزار دەکەین".
بە پێی ھەواڵێکی میدیای سپی، لە راگەیاندراوێکدا کە واژۆی ٣٦٢ یاساناس و مافپەروەر و پارێزەری کوردستانی لەسەرە، تێیدا هاتووە" بەداخەوە ماوەی چەند ڕۆژێکە هێرشێکی ناڕەوا دەکرێتە سەر سیستەمی دادوەری و دادگاکانی کوردستان و دادوەرانی داواکاری گشتی کە گومانی تێدا نییە ئەو کەسانەی هێرش دەکەنە سەر سیستەمی دادوەری، مەبەستی تایبەتی خۆیان هەیە و زۆر لەو کەسانە تەنیا دەیانەوێ گومان لەسەر هەموو دەزگا فەرمییەکان دروست بکەن و ئێستا نۆرەی پەلاماردانی دەزگای دادوەری و نەهێشتنی متمانەیە بەو دەزگایە".
هەروەها ئاماژە بەوە دەکەن" سەرجەمی ئەو هێرش و پەلامارانە لەسەر بریارەکانی دادگا، دەستوەردانە لە یاسا، لە کاتێکدا بانگەشەی ئەوە دەکەن پێویستە دادگا بێ لایەن بێت و دووربێت لە هەموو دەست تێوەردانێک".
دەشڵێن" ئەگەر دادگا نەتوانێت بە بێ فشار بڕیار بدات و بەردەوام بکەوێتە بەر شاڵاوی پەلاماردان، سەروەری یاسا ناچەسپێت و هیچ کەس ترسی لە دادگا نامێنێت و لە جێگای یاسا بەرەڵڵایی باڵ بە سەر هەرێمدا دەکێشێت".