شوبات 20, 2021 17:39 Asia/Tehran
  • دەستلەکارکێشانەوە لە کۆمەڵ دەستیپێکرد

دوای بەستنی کۆنگرەی چوارەمی کۆمەڵی ئیسلامی، دوێنێ بەلاغی کۆتایی ڕاگەیەنراو لە بەلاغەکەدا ناوی هەریەک لە ئەمیر و ناوی کۆمەڵ گۆڕدرا، ئەمەش لەلایەن بەشێک لە ئەندامانی ئەو حزبەوە کاردانەوەی لێکەوتەوە.

 

بە پێی هەواڵی میدیاکانی هەرێم ، کۆنگرەی کۆمەڵ ناوی ئەمیری بۆ “سەرۆک” گۆڕیوە و هاوکات ناوی کۆمەڵی ئیسلامیشی گۆڕی بۆ “کۆمەڵی دادگەری کوردستان”، دوای کۆتاییهاتنی کۆنگرەکەش، ژمارەیەک لە ئەندامانی ئەو حزبە ناڕازین لە ناوی حزبەکەیان و دەستلەکاردەکێشنەوە.

ئەبوو جیهاد کفری، بەرپرسی ئەنجوومەنی کۆمەڵ لە شارۆچکەی کفری لە هەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبوک بڵاویکردەوە، لەبەر لابردنی وشەی (ئیسلامی) دەستلەکارکێشانەوەی خۆم لە کۆمەڵ ڕاگەیاند.

بەپێی زانیارییەکانیش، چاوەڕوان دەکرێت دەستلەکارکێشانەوە لەو حزبە زیاتر ببێت، چونکە ئەو کادیرانە پێیانوایە ئەوان حزبێکی ئیسلامین و پێویستە ئەو وشەیە بە ناوی حزبەکەیانەوە بمێنێتەوە.

ئەمەش لەکاتێکدایە، پێشتر و بەهۆی ڕازینەبوونیان لە ئەدای کاری کۆمەڵی ئیسلامی پێشوو، سێ ئەندامی سەرکردایەتی و سەدان کادیری پێشکەوتووی کۆمەڵ لە شاری هەولێر دەستیان لەکارکێشایەوە.

سەرپەیڤ