مادەی تایبەتی پشکی ھەرێم لە پروژە یاسای بودجەی گشتیی عێراق دەنگی لەسەردرا
لە کۆبوونەوەی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراقدا، لیژنەکە دەنگی بە مادەی 11ی پرۆژەیاسای بودجەی گشتیی عێراق دا، کە تایبەتە بە پشکی هەرێمی کوردستان.
بە پێی ھەواڵی میدیاکانی ھەرێم ، بەشێک لە پەرلەمانتارانی کورد لە پەرلەمانی عێراق بە میدیاکانیان ڕاگەیاندووە، لە کۆبوونەوەی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراقدا دەنگ لەسەر مادەی 11ی پرۆژەیاسای بودجە دراوە.
هەرچەندە باس لەوە دەکرێت کە دەنگ بەو مادەیە دراوە، بەڵام تا ئێستا ڕوون نییە ئایا ئەو مادەیە بە کام لە دەقەکانی دەنگی لەسەر دراوە.
لای خۆشییەوە، ئەحمەد سەفار، بڕیاردەری لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق بە میدیاکانی ڕاگەیاند، “مادەی 11، تایبەت بە پشکی هەرێمی کوردستان پێنج فەقەرە لەخۆ دەگرێت”.
سەبارەت بەو خاڵانەش وتی، “خاڵەکان خۆیان دەبیننەوە لە، پاکتاوکردنی شایستە داراییەکانی نێوان هەرێم و بەغداد لە 2003ەوە بۆ 2020 دەگرێتەوە، هەروەها دەبێت هەرێم 460 هەزار بەرمیل نەوتی ڕۆژانە بەرهەمبهێنێت لەوەش بەو نرخەی سۆمۆ نەوتەکەی دەفرۆشێت پارەی 250 هەزار بەرمیلی نەوت ڕادەستی بەغداد دەکرێت لەگەڵ ڕادەستکردنی نیوەی داهاتی نانەوتی، دەبێت هەردوولا پابەند بن ئەگینا جێبەجێ ناکرێت”.
ئەحمەد سەفار ئەوەشی خستووەتەڕوو، “پێشبینی دەکەین، پشکی هەرێم لە بودجەی گشتیی عێراق بۆ سالی 2021 لەنێوان 11 بۆ 12 تریلیۆن دینار بێت”.