نیسان 11, 2021 17:50 Asia/Tehran
  • به بۆنەی جەژنێکی ئێزدیەکان ، رۆژی چوارشەممە لە ھەرێم  پشووی فەرمییە

بەپێی رۆژمێری حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ ساڵی 2021 رۆژی چوارشەممە 14ى نیسانى2021 پشووی فەرمییە لە دامودەزگاکانی حکومەت.

به‌پێى رۆژمێرەکە ئەو رۆژە جەژنی سەری ساڵی کوردانی ئێزدییە، کە بە "چوارشەممەی سوور" ناسراوە.

خەیری بۆزانی، بەڕێوەبەری گشتیی کاروباری ئێزدییان لە وەزارەتی ئەوقافی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند: "لە ساڵی 2011ەوە لەسەر داواکاریی ئێمە، ئەو رۆژە کراوەتە پشوو".

جەژنی چوارشەممەی سوور، یاخود جەژنی سەری ساڵی کوردانی ئێزدی، یەکێکە لە جەژنە دیارەکان، هەموو ساڵێک لە مانگی نیسان دەکرێت. ئەم جەژنە لە ماڵان و  پەرستگەی لالش بە چەندین رێورەسم بەڕێوەدەچێت. 

جەژنەکە دەکەوێتە یەکەم چوارشەممەی مانگی نیسان بە ساڵنامەی رۆژهەڵاتی، مانگی نیسان بەلای کوردانی ئێزدییەوە بووکی ساڵە. لەم جەژنەدا هێلکە رەنگ دەکەن و کچ و کوڕ دەچنە دەشت و دەر و گوڵی نیسان دەکەن و لە یەخەی یەکدی دەدەن.

دوای رەنگکردنی هێلکەکان، پیاوەکان توێکڵی هێلکەکان دەخەنە نێو زەوییەکانیان بۆ ئەوەی بە بڕوای خۆیان "بەرەکەت" بکەوێتە رزق و رۆزییان.

چەندین چیرۆک لەسەر جەژنی چوارشەممەی سوور هەن، لەم جەژنەدا 366 چرا هەڵدەکرێن، وەکو ئەوەی کە ساڵنامەی رۆژهەڵاتی کە ساڵنامەی کوردانی ئێزدییە 366 رۆژە.

سەرپەیڤ