ئه‌یلوول 18, 2021 17:21 Asia/Tehran
  • دەزگای زانیاری: تۆمەتباری تاوانەکانى چەند ڕۆژی ڕابردووی سلێمانی دەستگیرکرا

بەڕێوەبەری دەزگای زانیاری ڕایدەگەیەنێت، تۆمەتباری تاوانەکانى چەند ڕۆژی ڕابردووی سلێمانی دەستگیرکرا.

ئەژی ئەمین، بەڕێوەبەری ئاژانسی پاراستن و زانیاری( زانیاری) لە پەیجی خۆی بڵاویکردەوە، “تاوانبارى تاوانەکانى چەند ڕۆژی ڕابردوو دەستگیرکرا و ڕاپێچى بەردەم یاسامان کرد”.

دەشڵێت، “بەزووترین کات بەڵگە و دانپێدانان دەخەینە بەردەم ڕاى گشتى”.

دوێنێ (شوکری سەرحەد) ئەندامی  (پەکەکە)، لە گەڕەکی چوارچرا لە سلێمانی لەلایەن کەسێکی نەناسراوە تەقەی لێکراوە و کوژرا.

ڕۆژێک پێشتریش لایەنگرێکی دیکەی پەکەکە بەناوی “فەرهاد بارش” کرایە ئامانج و بریندارکرا.

بەڕێوەبەری زانیاری بەو بۆنەیەوە دەستخۆشی لە هێزەکانی ئاسایش، دژەتیرۆر و پۆلیس دەکات.

 

ژوورێکی ئۆپەراسیۆنی هاوبەشیش، کە بەڕاسپاردەی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی حکومەت پێکهێنرابوو، ڕاگەیەندراوێکی لەبارەی دەستگیرکردنی تۆمەتباری دوو تاوانەکەی چەند ڕۆژی ڕابردووی سلێمانی بڵاوکردەوە.

ژوورە ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکە لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاشکرایکردووە، تاوانباری سەرەکیی کوشتن و بریندارکردنی دوو ئەندامەکەی پەکەکە دەستگیرکراوە و ڕاپێچی دادگا کرا تاوە‌کو سزای یاسایی خۆی وەربگرێت.

دووپاتیشیکردووەتەوە، “سلێمانی شاری ئارامییە بۆ هەمووان بێ جیاوازی و ئاسایش و ئارامی شار و ھاوڵاتییانیش پارێزراوە”.

 

 

سەرپەیڤ