تشرینی یه‌که‌م 10, 2021 14:35 Asia/Tehran
  • عەلی باپیر: هیوادارم خولی داهاتووی پەرلەمان لە خولەکانی ڕابردوو کاراتر بێت

مامۆستا عەلی باپیر سەرۆکی کۆمەڵی دادگەری کوردستان دوای بەشداری کردنی لە ھەڵبژاردنی پێشوەختەی عێراق و دەنگدان لە وتەیەکدا ڕایگەیاند: هیوادارم خولی داهاتووی پەرلەمان لە خولەکانی ڕابردوو کاراتر بێت.

بە پێی ڕاپۆرتی کەناڵی ئاسمانیی سەحەر بە گێڕانەوە لە میدیاکانی ھەرێمی کوردستان، مامۆستا «عەلی باپیر» سەرۆکی کۆمەڵی دادگەری کوردستان دوای دوو کاتژمێر لە چاوەڕوانی بەهۆی کێشەی تەکنیکییەوە دەنگیدا و دوای دەنگدانی لە شاری هەولێر ڕایگەیاند: هیوادارم خولی داهاتووی پەرلەمان لە خولەکانی ڕابردوو کاراتر بێت.

بەڕێز «عەلی باپیر» جەختی لەوەش کردەوە کە، حیزبە ئیسلامییەکان ئەگەر نەیانتوانیوە بە یەک لیست بەشداری لە هەڵبژاردن بکەن زیانیان لێ نادات، چونکو دەتوانن لە ئەنجومەنی نوێنەراندا پێکەوە بن هەر چۆن لە قۆناغی رابردودا گروپی ١٥ کە لە ئیسلامییەکان و ئەو لایەنانەی دیکەش کە لەدەرەوەی ئیسلامییەکان پێکهێنرا، قورساییەکی باشیان هەبوو.

سەرۆکی کۆمەڵی دادگەری  ئاماژەی بەوەش کرد: کۆمەڵگە زیندووەکان ئەو کۆمەڵگایانەن کە دەسەڵات بەدەست خەڵکەوەیە، نەک کەمینەیەک خۆیان بسەپێنن بەسەر خەڵکدا و دەبێت خەڵک ئازاد بێت کەسی خۆی هەڵبژێرێت.

سەرۆکی کۆمەڵی دادگەریی ھەرێمی کوردستان هیواشی خواست کە ئەنجومەنی نوێنەرانی داهاتوو لە ئەنجومەنی نوێنەرانی خولەکانی دیکە کاراتر بێت، بە یەک چاو سەیری هەموو عێراقییەکان بکات و ماف و ئازادییەکانی هەموو لایەک لەبەرچاو بگرێت. 

سەرپەیڤ