تشرینی دووه‌م 02, 2021 13:26 Asia/Tehran
  • لێدوانی نوێی مەلا بەختیار لەسەر دەرمانداوکردنی

مەلا بەختیار، ئەندامی ئەنجومەنی باڵای سیاسی و بەرژەوەندییەکانی یەکێتی رایگەیاند، لەسەر دەستی "هەڤاڵان ژەهرخواردکراوم، ژەهرخواردکردنیشمان لەناو یەکێتی، ئەنجامێکی فاشستیانەی چاوەڕوان کراوە.

مەلا بەختیار لەنوسینێکدا کە لەپەیجی تایبەتی خۆی لەفەیسبوک بڵاویکردوەتەوە ئاماژەی بەوەشکردوە، "25/10/2005 ترسناکترین هەوڵی تیرۆرکردنم جێ بەجێ کرا. هەفتەیەک لەمەوبەر یادی ئەم هەوڵەبوو کە من بڕستی ئەوەم نەبوو بەهۆی چارەسەرەوە بەراوردێکی تیرۆر کردنم لەسەر دەستی قاعیدەو ژەهرخواردکردنم لەسەر دەستی( هەڤاڵان!!! ) بکەم. مێژووی تیرۆرکردنەکانم هەمیشە لە لایەن فاشتەکان و قاعیدەی ڕەشەکوژەوە، یان لەئەنجامی شەڕی ناوخۆوە بووە."

ئاماژەی بەوەشکردوە، "بەدرێژایی مێژووی یەکێتی شانازیمان دەکرد کە شۆڕشگێڕین، شانازیشمان دەکرد کە دوژمنەکانمان ئەوەندە لێما ئەترسان پیلانیان لێ ئەگێڕاین. بەڵام ئێستا لەناو ململانێکانی یەکێتی، لافی چ بیروباوەڕێک لێ دەدرێ و شانازی بەکام ململانێوە بکرێت؟ چۆن ساڵانە یادی ژەهرخواردن لەناوخۆماندا بکەین؟ ئەوانەی تاوانەکەیان ئەنجام داوە، شەرم ئەکەن باسی بکەن. ئێمەش کە تاوانەکەمان بەرامبەر ئەنجام دراوە، لەبەر دابونەریتی کوردەواری و شکۆی مام جەلال... ناتوانین بەدڵی خۆمان باسیشی بکەین."

مەلا بەختیار لەبارەی کێشەکانی ناوخۆی یەکێتیش دەڵێت، "کە بە ئەنجومەنی باڵا ڕازی بووین بۆئەوەی کێشەکانی یەکێتی لەناو کۆنگرە قوڵتر نەبێت، کەچی هەوڵی لەناوبردنمان دەدرێت. قەت نەدەبوو ئەنجومەنی باڵا رێبدا یەکێتی بگاتە ئەم ڕۆژگارە نالەبارە".

ئەوەش لەکاتێکدایە 28ی تشرینی یەکەمی ئەمساڵ دەزگای چاودێری نزیک لە مەلا بەختیار، ئەندامی ئەنجوومەنی باڵای سیاسی و بەرژەوەندییەکانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان رایگەیاند، بەپێی ئەو زانیارییانەی لە بەرلینی ئەڵمانیاوە پێیدراوە مەلا بەختیار ژەهرخوارد کراوە.

سەرپەیڤ