سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان: با لە سەر ئەو خاڵانە چڕ بینەوە کە لە سەر ڕەوشتی ناوچەکە کاریگەرن
«مەسرور بارزانی» سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە کۆڕبەندی ئاشتی و ئاسایشی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە زانکۆی دهۆک ڕایگەیاند: وا ھەڵدەگرێ گۆڕانی بۆچوونەکانمان دووپات لەسەر ئەو خاڵانە بکەنەوە کە کاریگەرییان لەسەر دەڤەرەکە هەیە.
بە پێی ڕاپۆرتی کەناڵی ئاسمانیی سەحەر بە گێڕانەوە لە میدیاکانی ھەرێمی کوردستان، ڕۆژی سێشەممە ١٦ـی تشرینی دووەم، «مەسرور بارزانی» سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە دەستپێکی کارەکانی کۆڕبەندی ئاشتی و ئاسایشی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست وتی: ناوچەکە بە گشتی و وڵاتی ئێمە بە تایبەتی بە قۆناغێکی هەستیار و گرینگدا تێدەپەڕێ، پێویستە لەم کۆڕبەندەدا بە ئاڵوگۆڕی بۆچوونەکان و وتارەکانمان، دووپات لەسەر ئەو خاڵانە بکەینەوە کە کاریگەرییان لەسەر دەڤەرەکە هەیە، جگە لە کەش و هەوای سیاسی، کەش و هەوای سروشتیش گۆڕاوە و لە زۆر رووەوە کاریگەری لەسەر پێوەندییەکانی ناوچەکە دەبێ، هیوادارم ئەمەش بابەتێک بێ بۆ باسکردن، بۆ نموونە کێشەی ئاو دەتوانێ کاریگەری لەسەر پێوەندیی نێوان وڵاتاندا هەبێ.
سەرۆکی حکومەتی ھەرێمی کوردستان وتیشی: جگە لەوەی ئێستە لە قۆناغی دوای هەڵبژاردنین، هیوادارین لەم قۆناغەشدا بە سەرکەوتوویی دەرباز بین و عێراق بۆ کەناری ئاشتی ببەین و پێویستە بەیەکەوە کاری بۆ بکەین، وەک دەبیندرێت گۆڕانکاریی لەسەر ئاستی ناوچەکەش هەیە، ئەمەش دیاردەیەکە کە پشتیوانیی لە هەموو جۆرە گفتوگۆیەکی ئاشتییانە بۆ گەییشتن بە چارەسەریی گونجاو لە ناوچەکەماندا دەکات.
«مەسروور بارزانی» لە کۆتایی وتارەکەیدا جەختی لەوەش کردەوە کە، هیوادارم ئەم کۆڕبەندە هاوکار بێ بۆ ئەوەی بە بۆچوونەکانمان یارمەتیی ئەو بڕیارانە بدەین کە لە خزمەتی ناوچەکەماندایە، هیوادارم ئەنجامی گفتوگۆ و ئاڵوگۆڕکردنی بۆچوونەکان، بە هەند وەربگیرێن و بخرێنە ئەو بەرنامە کارەی کە پێویستە لە داهاتوودا هەموومان کاریان لەسەر بکەین.