کانونی یه‌که‌م 01, 2021 18:20 Asia/Tehran
  • دیداری سەرۆکی پارتی دیموکرات لەگەڵ جێگری وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ڕوسیا

مه‌سعود بارزانی له‌دیدارێکدا له‌گه‌ڵ جێگری وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ڕوسیا و شاندێکی یاوه‌ری باسی بارودۆخی سیاسیی عێراق و هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانیان کرد و له‌باره‌ی به‌ره‌نگاربونه‌وه‌ی تیرۆرستانیشه‌وه‌، جه‌ختیانکرده‌وه‌ له‌سه‌رئه‌وه‌ی، پێویسته‌ هۆکاره‌کانی سه‌رهه‌ڵدانی تیرۆر ریشه‌کێش بکرێن.

بە پێی ڕاپۆرتی کەناڵی ئاسمانیی سەحەر بە گێڕانەوە لە راگه‌یه‌ندراوێکی باره‌گای بارزانی، ڕۆژی چوارشه‌ممه‌ له‌ سه‌ڵاحه‌ددین «مه‌سعود بارزانی» پێشوازیی له‌ «میخاییل بۆگدانۆف» جێگری وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ڕوسیا و شاندێکی یاوه‌ری کرد  و له‌ دیداره‌که‌دا جێگری وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ڕوسیا جه‌ختی له‌ بایه‌خ و پێگه‌ی جەماوەری کوردستان و ڕۆلی ھه‌رێمی کوردستان له‌ عێراق و ناوچه‌که‌ کرده‌وه‌و ئه‌وه‌شی خسته‌ڕوو کە، به‌ لای ڕوسیاوه‌ ھه‌رێمی کوردستان ڕۆلێکی گه‌وره‌ له‌ عێراق ده‌گێڕێت و فاکته‌ری سه‌قامگیریه‌.

له‌ڕاگه‌یه‌ندراوه‌که‌دا هاتووه‌، ھه‌ر له‌و کۆبونه‌وه‌یه‌دا بیروڕا له‌باره‌ی بارودۆخی سیاسیی عێراق و ھه‌ڵبژاردنی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق له‌ ئۆکتۆبه‌ری ڕابردو ئاڵوگۆڕکران، له‌ به‌شێکی دیکه‌ی ئه‌و دیداره‌دا ھه‌ڕه‌شه‌ی تیرۆر له‌سه‌ر سه‌قامگیری ناوچه‌که‌ تاوتوێ کرا و ھه‌ردولا ھاوڕابون له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی پێویسته‌ ھۆکاره‌کانی سه‌رھه‌ڵدانی تیرۆر ڕیشه‌کێش بکرێن.

 له‌ کۆتایی کۆبونه‌وه‌که‌دا جێگری وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ڕوسیا وێڕای ئاماژه‌دان به‌ په‌یوه‌ندیه‌ مێژوییه‌کانی گه‌لی کوردستان و گه‌لی ڕوسیا، ڕۆڵی مێژویی بنه‌ماڵه‌ی «مه‌سعود بارزانی» له‌ په‌ره‌پێدانی ئه‌و په‌یوه‌ندیه‌ به‌رز نرخاند و خوازیاری ئه‌وه‌ش بوو که‌ په‌یوه‌ندی وڵاته‌که‌ی له‌گه‌ڵ ھه‌رێمی کوردستان گه‌شه‌ی زیاتر ببینێت.

سەرپەیڤ