کانونی یه‌که‌م 19, 2021 18:03 Asia/Tehran
  • یەکێتی لەبارەی پۆستی پارێزگاری کەرکوکەوە  داوای ‏جێبەجێکردنی رێککەوتنەکەی لە گەڵ پارتی  دەکات

یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان داوای زیندووکردنەوەی خاڵێکی ڕێککەوتنەکەیان لە پارتی ‏دەکات، کە تایبەتە بە دانانی کاندیدێکی یەکێتی بۆ پۆستی پارێزگاری کەرکوک، کە پێشتر ‏لەگەڵ ئەو حزبە وەکو یەکێک لە مەرجەکانی بەشداریکردنیان لە پێکهێنانی کابینەی نۆیەم ‏دیارییکردبوو.‏

 

 

لە دوای ڕووداوەکانی ئۆکتۆبەری ساڵی 2017، پۆستی پارێزگاری کەرکوک لای کورد ‏نەماوە، لە دوو هەڵبژاردنی دوای ئەو ڕووداوانەش دا کورد زۆرینە بووە و یەکێتیی ‏نیشتمانیی کوردستانیش زۆرترین دەنگ و کورسیی لە پارێزگاکە هێناوە، سەرەڕای ئەوەی ‏لە ماوەی ڕابردوودا یەکێتی لەگەڵ لایەنە کوردستانییەکان، جگە لە پارتی، ڕێککەوتن کە ‏کاندیدێکی کورد بۆ ئەو پۆستە دابنێن، بەڵام تا ئێستا نەتوانراوە پارێزگارێکی کورد – ‏یەکێتی دابنرێت. ‏

بەپێی ھەواڵی میدیایەکی ھەرێمی کوردستان ،  لە ‏کۆبوونەوەی ئەمڕۆیان لەگەڵ شاندەکەی مەکتەبی سیاسیی پارتی، یەکێتی باسی ‏زیندووکردنەوەی ئەو خاڵەیان کردووە و ڕایانگەیاندووە، ئەوان پێشتر ڕێککەوتنیان بۆ ‏پێکهێنانی حکومەتی هەرێم کردووە، کە لەنێو خاڵەکاندا بەڕوونی باسی دانانی پۆستی ‏پارێزگاری کەرکوک کراوە، کە وەکو یەکێک لە مەرجەکانی بەشداریکردنی یەکێتی لە ‏کابینەی نۆیەمدا دانراوە.‏

سەرچاوەکە وتیشی، پێویستە لەگەڵ گفتوگۆکانی پێکهێنانی حکومەتی نوێی عێراق، کار بۆ ‏دانانی پارێزگارێکی کورد – یەکێتی بکرێت بۆ شوێنگرتنەوەی راکان جبوری.‏

سەرپەیڤ