«نوری مالکی» گەییشتە ھەولێرو لەگەڵ «مەسعود بارزانی» کۆ بووەوە
«مەسعود بارزانی» سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان ئهمڕۆ چوارشهممه پێشوازی لە شاندێکی باڵای چوارچێوەی ھەماھەنگی کرد به سهرۆکایهتی «نوری مالیکی»،
بە پێی ڕاپۆرتی میدیاکانی ھەرێمی کوردستان و بە گێڕانەوە لە راگهیهندراوی بارهگای بارزانی، ئهمڕۆ چوارشەممە (٢٢ـی کانونی یەکەمی ٢٠٢١) لە سەلاحەددین «مەسعود بارزانی» پێشوازی لە شاندێکی باڵای چوارچێوەی ھەماھەنگی بە سەرۆکایەتی نوری مالکی کرد، لە کۆبونەوەکەدا دەرئەنجامەکانی ھەڵبژاردنی ئۆکتۆبەری رابردوی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق و دوا پێشھاتەکانی ناو پڕۆسەی سیاسی عێراق تاوتوێ کران.
ئاماژه بهوهش کراوه، ھەر لەو دیدارەدا رۆشنایی خرایە سەر پێویستی پێداچونەوە بە حوکمڕانیی عێراق و، سودوەرگرتن لە ئەزمونەکانی رابردو و ڕەچاوکردنی پڕەنسیپەکانی شەراکەت و سازان و ھاوسەنگی لە پڕۆسەی حوکمڕانیدا.
لهراگهیهندراوهکهدا هاتوه، لە بەشێکی تری ئەو کۆبونەوەیەدا بیروڕا لە بارەی لەمپەرەکانی بەردەم داھاتووی عێراق و بابەتی خزمەتگوزاری و ھەڕەشەی تیرۆر و کێشەی ژینگە و کەمئاوی و داواکاریی ھاوڵاتیان ئاڵوگۆڕ کران و جەخت لەسەر بەردەوامبونی ھەوڵەکان بۆ لەیەکتر نزیکردنەوەی بۆچوونی لایەنەکان کرایەوە لە پێناو دۆزینەوەی چارەسەری گونجاو بۆ قۆناغی داھاتوو و تێپەڕاندنی بەربەستەکانی بەردەم پێکھێنانی حکوومەتی نوێی عێراق.