پارتی و یەکێتی یەک کەس بۆ پۆستی سەرۆک کۆماریی عێراق دەستنیشان دەکەن
سەرچاوەیەکی نزیک لە پارتی جەختی کردووە کە لایەنە کوردییەکان بەیەک پاڵێوراوەوە دەچنە یەکەم کۆبونەوەی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقەوە.
لەگەڵ ئەوەی بابەتی دەستنیشانکردنی پۆستی سەرۆک کۆمار تائێستا لەنێوان یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستانو پارتی دیموکراتی کوردستان دا جێگای مشتومڕە، بەڵام کادیرێکی پێشکەوتووی پارتی ڕایدەگەیەنێت، "جارێکی تر سیناریۆی ساڵی 2018 بۆ هەڵبژاردنی سەرک کۆمار دوبارە نابێتەوە بەوەی کورد بەدوو کاندیدەوە بچێتە پەڕلەمانەوە"، پەرلەمانتارێکی پێشوی ئەو حزبەش دەڵێت:"لەبارەی پۆستی سەرۆک کۆمارەوە یەکێتییو پارتی هەنگاوی گرنگیان ناوە".
ڕێبین سەلام مامۆستای زانکۆو کادیری پێشکەوتوی پارتی لەچاوپێکەوتنێکیدا بەپێگەی "سۆمەرییە نیوز"ی ڕاگەیاندوە، یەکێتیو پارتی لەسەر ئەوە ڕیککەوتوون کە لەبابەتی پێشکەشکردنی کاندیدی سەرۆک کۆمار جارێکی تر سیناریۆی ساڵی 2018 دوبارە نەکەنەوە.
جەختیشیکردۆتەوە، لایەنە کوردییەکان بەیەک پاڵێوراوەوە دەچنە یەکەم کۆبونەوەی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقەوە.
بەگوێرەی قسەکانی سەلام، "لەدوایین کۆبونەوەی نێوان یەکێتییو پارتی لەسەر چەند پرسێک ڕێککەوتون، لەناویاندا یەکخستنی هەوڵی هێزە ئەمنییەکان لەجەنگی دژ بەداعش، ئەوە جگە لەچەند پرسێکی سیاسیی بەتایبەت لەبابەتی کاندیدی سەرۆکایەتیی کۆمار".
وتوشیهتى:"یەکێتیو پارتی نایانەوێت بەدوو کاندیدەوە بچنە ناو ململانێی یەکلاییکردنەوەی پۆستی سەرۆک کۆمارەوە".
سەبارەت بەشاندی یەکگرتوی کوردیش، ڕێبین سەلام وتویەتی:"یەکێتیو پارتی بەیەک شاندی دانوستانکار بەرەو بەغداو بەیەک کاندیدی سەرۆک کۆمارەوە دەچنە ناو هۆڵی پەڕلەمانەوە کە لەماوەی چەند ڕۆژی کەمی داهاتودا یەکلایی دەبێتەوە".