پارتی دیموکراتی کوردستان: حکومەتێکی نیشتیمانیمان دەوێ کە دەرگا و پەنجەرەکانی کراوەبن و لایەنەکان بەشداریی تێدا بکەن
«مەحموود موحەممەد» بەناوی گوتەبێژی پارتی دیموکراتی کوردستانەوە ڕایگەیاندووە:حکومەتێکی نیشتیمانیمان دەوێ کە دەرگا و پەنجەرەکانی کراوەبن و لایەنەکان بەشداریی تێدا بکەن.
ڕۆژی سێشەممە چواری کانوونی دووەم،«مەحموود موحەممەد» گوتەبێژی پارتی دیموکراتی کوردستان لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند: بۆ بەشداریی کردن لە حکومەتی نوێ، گەرەنتی جێبەجێکردنی داواکارییەکانی کورد ئەوەیە، زۆر بەڕاشکاوانە لە ناو کارنامەی لایەنە کوردییەکاندا داوای خۆمان هەبێت بۆ حکوومەتی داھاتوو.
وتیشی: لایەنە عێراقییەکان باس لە حکوومەتی زۆرینەی نیشتیمانی دەکەن، ئێمە حکوومەتێکی نیشتیمانیمان دەوێ کە دەرگاو پەنجەرەکانی کراوەبن و لایەنەکان بەشداریی تێدا بکەن.
باسی لەوەش کردووە کە، لە رابردوودا هەندێک جار ئەمریکا و بەریتانیاش هێنراونەتە ناو رێککەوتنەکان بۆ ئەوەی جێبەجێ بکرێن، کەچی ئەوەش ھەر ھیچی لێ نەوەشاوەتەوە، بۆیە گەرەنتی ئەوەیە ئەو بابەتە گرنگانەی چەند ساڵێکە ماونەتەوە، لەناو کارنامەکەی ئێمەی کورددا هەبێت و بە راشکاوی لەگەڵیان باس بکەین و بە تەواوی لەگەڵیان لەسەر خەت بین.
ئەم گوتەبێژەی پارتی دیموکراتی کوردستان لەبارەی بۆچوونەکانی ڕەوتی سەدر لەسەر پێکهێنانی حکوومەتی نوێ و بوونی ئۆپۆزسیۆنیش ڕایگەیاندووە، جیاوازیی ئێمە لەگەڵ ئەوان ئەوەیە کە تایبەتمەندیی هەرێمی کوردستان جیاوازە لەگەڵ بەغدا، جگە لەو نیشتیمانەی هەمانە وەک کوردستان، بەشداریشین لەو نیشتیمانەی پێی دەڵێن عێراق، کۆمەڵێک کێشەی نەتەوەییمان هەیە کە ئەوان نییانە، بۆیە دەبێ لەناو کارنامەکەمان ئەوە رەنگ بداتەوە.