ئادار 13, 2022 18:59 Asia/Tehran
  • بەیاننامەی فەرمیی حکومەتی ھەرێمی کوردستان لە بارەی ھەڵمەتە موشەکییەکەی سەر بنکە سیخوڕییەکان لە ھەولێر

حکومەتی ھەرێمی کوردستانی عێراق بەیاننامەیەکی فەرمیی لە بارەی ھەڵمەتە موشەکییەکانی نیوەشەوی ڕابردوو بۆ سەر بنکە سیخوڕییەکان لە ھەولێر دەرکرد و تیای دا داوای ھەڵوێست دەربڕینی کۆمەڵگای جیھانیی کرد دژی ئەو ھەڵمەتە موشەکییە.

بە پێی ڕاپۆرتی کەناڵی ئاسمانیی سەحەر بە گێڕانەوە لە میدیاکانی ھەرێمی کوردستان، لەم بەیاننامەیەدا ھاتووە، کۆماری ئیسلامیی ئێران جاروبار بە بیانووی بوونی بنکەکانی ئیسرائیل لە ھەرێمی کوردستانی عێراق دەست دەکات بە بوردومانی ناوچەگەلێکی عێراق بە ھەرێمی کوردستانیشەوە.

لە بەیاننامەکەدا باسی ئەوە کراوە کە ھەڵمەتە موشەکییەکەی نیوەشەوی ڕابردوو ١٣ی مارسی ٢٠٢٢ بە مەبەستی بوردومانی بنکەی ئێسرائیل لە نزیکی بینای مۆنسولخانەی ئەمریکا لە ھەولێر ئەنجامی گرتووە، بەڵام ئەو ناوچەیەی کراوەتە ئامانج شوێنێکی سڤیل و ناسەربازی بووە.

حکومەتی ھەرێم لە ڕێکخراوەی نەتەوەکان، ئەمریکا، یەکێتیی ئەورووپا، کۆمەڵگای عەرەبی، دەوڵەت و پەرلەمانی عێراق و دەوڵەتی ئێران داوای کردووە کە بە شێوەیەکی مەیدانی سەردانی ئەو شوێنانە بکەن.

نیوەشەوی شەممە لە سەر یەکشەممە دوو بنکەی سیخوڕیی ڕێکخراوەی ھەواڵگریی و ئۆپراسیۆنی تایبەتیی «موساد»ی سەربە ڕژێمی زایونی لە ھەولێری ھەرێمی کوردستانی عێراق کەوتە بەر موشەکە خاڵپێکەکانی سپای پاسدارانی شۆڕشی ئیسلامی.

پەیوەندیی گشتیی سپای پاسدارانی شۆڕشی ئیسلامی ھەر لەم پەیوەندییەدا لە بەیاننامەیەک دا وێڕای ئاماژە کردن بە کرانە ئامانجی مەکۆی ستراتژیی پیلان و شەڕاشۆیی زایونییەکان بە ھۆی موشەکە خاڵپێکەکانەوە، پێی داگرت: دووپات بوونەوەی ھەرچەشنە ئاژاوەنانەوەیەک لەگەڵ وەڵامێکی قورس و گورچکبڕو لێبڕاوانەو ماڵوێرانکەردا ڕووبەڕوو دەبێتەوە.

لە بەیاننامەکەدا ڕوو لە گەلی ئێران ھاتووە: ئاسایشت و ھێمنایەتیی نیشتیمانی ئیسلامی، ھێڵی سووری ھێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەو ماوەی ئەوە بە کەس نادرێت ھەڕەشەو دەست درێژیی بکاتە سەر.

سەرپەیڤ