حوزه‌یران 18, 2022 14:23 Asia/Tehran
  • لە نێوان هەرێمی کوردستان و تورکیا دوو دەروازەی سنووریی دیکە دەکرێنەوە

دوێنێ شاندێکی حکوومه‌تی هه‌رێم، به‌ مه‌به‌ستی کۆبوونه‌وه‌ له‌گه‌ڵ به‌رپرسانی تورکیا لە ئه‌نقه‌رە سەردانی ئەو وڵاتەیان کرد، کردنەوەی دوو دەروازەی نوێی سنووری یەکێک لە بابەتە سەرەکییەکان بووە.

ئومێد سەباح، سەرۆکی دیوانی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا بە میدیاکانی پارتی ڕاگەیاند: "لە تەوەری یەکەمی کۆبوونەوەکان دا چۆنێتی زیادکردنی ئاڵوگۆڕی بازرگانیی لە نێوان تورکیا و هەرێمی کوردستان تاووتوێکرا و باس لە کێشەی کۆمپانیا تورکییەکان لە هەرێمی کوردستان کرا، هەروەها لایەنی تورکی بەڵێنی داوە هەموو ئاسانکارییەک بۆ بازرگان و کۆمپانیاکانی هەرێمی کوردستان بکەن".

ناوبراو وتیشی: "لە تەوەری دووەمی گفتوگۆکان دا باس لە دروست کردنی هێڵی شەمەندەفەر کراوە، کە ئێستا لێکتێگەیشتنێکی گشتی لە نێوان عێراق و هەرێمی کوردستان و لایەنی تورکی لەسەر ئەو بابەتە هەیە، هەروەها لەسەر دروست کردنی چەند گۆڕەپانێکی بازرگانی لەسەر سنوورەکان گفتوگۆ کراوە".

سەرۆکی دیوانی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان ڕوونیشیکردەوە، ئێمە وەک هەرێمی کوردستان ئامادەیی تەواومان هەیە بۆ کاراکردنی ئەم دەروازەیە، پارەی پێویستیش بۆ دروستکردنی تەرخان کراوە، لەدوای ئەم کۆبوونەوەیە دەچینەوە دیداری سەرۆکی حکومەت و ئەو بڕیارە لەوێوە دەدرێت، بەڵام بڕیاری بنەڕەتیمان ئەوەیە کە لە هەردوولاوە دەست بە جێبەجێ کردنی ئەو دەروازەیە دەکرێت.

سەرپەیڤ