جەختی بارزانی لە سەر پەرە پێ دانی پەیوەندی لەگەڵ ئێران
سەرۆکی ھەرێمی کوردستانی عێراق وتی: ئاسۆی داھاتووی ھەرێم دامەزراندنی باشترین پەیوەندییە لەگەڵ کۆماری ئیسلامیی ئێراندا.
بە پێی ڕاپۆرتی ئیرنا؛«نێچیرڤان بارزانی» ئێوارەی ڕۆژی سێشەممە لە کۆبوونەوەیەکدا لەگەڵ «محەمەد سادق موعتەمدیان» پارێزگاری ئازەربایجانی ڕۆژئاوای ئێران، وێڕای ئاماژەدان بە پەیوەندییە لەمێژینەکانی نێوان هەرێمی کوردستانی عێراق و کۆماری ئیسلامیی ئێران، جەختی کرد لەسەر هێزمەندکردنی ئەم پەیوەندیانە لە هەموو بوارەکاندا.
لەم دیدارەدا سەرۆکی هەرێمی کوردستانی عێراق و پارێزگاری ئازەربایجانی رۆژئاوای ئێران باسی پەیوەندییەکانی نێوان هەرێم و کۆماری ئیسلامی ئێرانیان کردو هاوکاری و هەماهەنگیی زیاتر لە ڕووی ئابووری و ئاڵوگۆڕی بازرگانیی نێوان هەردووک لاو سەردانی زیارەتکارانی گڵکۆ پیرۆزەکان و گەشتیاران لە ئێرانەوە بۆ عێراقیان لە ڕێگای دەروازە سنوورییەکانی نێوان کوردستانی عێراق و ئێران لێکدایەوە.
«محەمەد سادق موعتەمدیان» پارێزگاری ئازەربایجانی ڕۆژئاوای ئێران، پێش لەو دیدارەی لەگەڵ سەرۆکی ھەرێمی کوردستان، چاوی بە «مەسرور بارزانی» شەرۆک وەزیرانی حکومەتی ھەرێمی کوردستانیش کەوتبوو.
لەو دیدارەدا کە بە ئامادە بوونی «نەسروڵڵا ڕەشنوودی» سەرکونسوڵی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە ھەولێر بەڕێوە چوو ، ڕێگاکانی بەھێزکردنی پەیوەندیی دوو لایەنە بە تایبەت ئاڵووێری بازرگانی و ئاسانکاری بۆ کاروباری گواستنەوەو گەشتکاریش بە پێی بەرژەوەندیی ھاوبەش تاوتوێ کرا.