ئاب 25, 2022 15:33 Asia/Tehran
  • سەرۆکی هەرێمی کوردستان پەیامێکی بە بۆنەی 34 ساڵەی تاوانی ئەنفالی بادینانەوە بڵاو کردەوە

نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان:ئەمڕۆ 34 ساڵەی تاوانی ئەنفالی بادینانە،بەشکۆوە یادیان دەکەینەوە.

ئەمڕۆ پێنجشەممە 25ـی ئاب، نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان، پەیامێکی بڵاو کردەوە و ڕایگەیاند، ئەمڕۆ یادی 34 ساڵەی تاوانی ئەنفالی بادینان دەکەینەوە کە وەک دوا قۆناغی ئەنفال، لە 25ی ئابەوە تا شەشی ئەیلوولی 1988 سوپای ئەوسای عێراق دەرهەق بە پێکهاتە جیاجیاکانی خەڵکی بادینان ئەنجامی دا. سەری ڕێز و نەوازش بۆ گیانی پاکی شەهیدان دادەنوێنین و بە شکۆوە یادیان دەکەینەوە، سڵاو و ڕێز بۆ خێزان و کەسوکاریان دەنێرین.

سەرۆکی هەرێمی کوردستان وتووشیەتی:تاوانی ئەنفال کە هەر لە گەرمیانەوە تا دوا قۆناغی لە بادینان، 182 هەزار هاوڵاتیی بێتاوانی کوردستان تێیدا بوونە قوربانی و شەهید کران، وەک دادگای باڵای تاوانەکانی عێراق ددانی پێدا ناوە، جینۆساید و تاوانی جەنگ و تاوانی دژی مرۆڤایەتییە، بۆیە پێویستە هەرچی خێراتر حکوومەتی فیدراڵیی عێراق قەرەبووی کەسوکاری قوربانییان بکاتەوە. لە هەرێمی کوردستانیشدا دەبێ خزمەتی زیاتری کەسوکاری قوربانییان بکرێت، لەگەڵ بە دۆکیومێنتکردنی تاوانەکە، هەموو هەوڵێک بدرێت بۆ ئەوەی لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی وەک جینۆساید بناسرێت.

سەرۆکی هەرێمی کوردستان باسی لەوەش کردووە، لەم یادەدا دووپات لە یەکڕیزیی لایەنە سیاسییەکان و پێکهاتەکانی هەرێمی کوردستان دەکەینەوە کە تاقە گەرەنتی پاراستنی مافە دەستوورییەکان و دەستکەوتەکانی هەرێمی کوردستان و داهاتوویەکی باشتری نەوەکانمانە، هەر ئەوەش ڕێگر دەبێت لە دووبارەبوونەوەی ئەو تاوانانەی بە درێژیی مێژوو دەرهەق بە هەموو پێکهاتەکان و خاک و ئاو و هەوا و سروشت و ژینگەی کوردستان کراوە.

 

سەرپەیڤ