کانونی یه‌که‌م 17, 2022 15:30 Asia/Tehran
  • نێچیرڤان بارزانی بە بێ بەشداری کردنی ھیچ سەرکردەیەکی پارتی لە نەریتێکی یەکێتی دا پەیامی یەکڕیزیی بۆ دەنێرێ: شکستى هیچمان سه‌رکه‌وتنى ئه‌ویتر نییه‌

نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی ھەرێمی کوردستانی عێراق لە پەیامێکدا کە لە نەریتی پێشوازی کردن لە تەرمی فەرماندەیەکی باڵای یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستاندا خوێندرایەوە ڕوو لە بەرپرسانی یەکێتی ڕایگەیاندووە: شکستى هیچمان سه‌رکه‌وتنى ئه‌ویتر نییه‌،له‌ یه‌کڕیزى و ته‌بایى دا هه‌موومان سه‌رکه‌وتووین، بەڵام له‌ ناته‌بایى و لێکترازان دا، هه‌موومان دۆڕاو و شکستخواردووین.

بە پێی ڕاپۆرتی کەناڵی ئاسمانیی سەحەر بە گێڕانەوە لە میدیاکانی ھەرێمی کوردستان، ئه‌مڕۆ شه‌ممه‌ «دڵشاد شەهاب»، راوێژکاری باڵای سه‌رۆکی هه‌رێمی کوردستان لە نەریتی پێشوازی کردن لە تەرمی «ئاکام عومەر»، فەرماندەی سەرکردایەتیی هێزەکانی کۆماندۆی کوردستان لە فڕۆکەخانەی سلێمانی بە نوێنەرایەتیی سەرۆکی هەرێمی کوردستانی عێراق وتاری «نێچیرڤان بارزانی»ی خوێنده‌وه‌ که‌ تیایدا هاتبوو: شه‌هید ئاکام عومه‌ر فه‌رمانده‌ی بوێر و چاونه‌ترسی هێزه‌کانی کۆماندۆ، هەمیشە لە ریزەکانی پێشەوەی بەرگریی کوردستان بووە و نەیهێشتووە پێشمەرگە و ئەندامانی دیکەی هێزەکەی پێش خۆی بگەنە بەرەکانی رووبەڕووبوونەوەی دوژمن.

له‌ په‌یامه‌که‌ی «نێچیرڤان بارزانی» دا هاتووه‌، له‌ کاتێکدا ناوچه‌که‌ به‌گشتى به‌ دۆخێکى ئاڵۆز و نائارامدا تێده‌په‌ڕێت و هه‌رێمى کوردستان له‌به‌رده‌م هه‌ڕه‌شه‌ و مه‌ترسیى جددیدایه‌، له‌ هه‌موو کاتێک زیاتر پێویستیمان به‌ یه‌کڕیزى و پێکه‌وه‌کارکردنى نێوان هه‌موو هێزو لایه‌ن و پێکهاته‌کان به‌گشتى و ته‌بایى و یه‌کڕیزیى پارتى و یه‌کێتى به‌تایبه‌تى هه‌یه‌.

ئاماژه‌ی به‌وه‌ش کردووه‌،دابڕان و لێکترازان و ناکۆکى و ڕه‌تکردنه‌وه‌ى یه‌کتر، شکستى هه‌موومان و شکستى هه‌رێمى کوردستانه‌، هه‌رێمى کوردستان و هه‌مو هێز و لایه‌ن و پێکهاته‌کان، بە پارتى و یه‌کێتیىشەوە ، به‌ یه‌کڕیزى و ته‌بایى و پێکه‌وه‌یى سه‌رده‌که‌ون، شکستى هیچمان سه‌رکه‌وتنى ئه‌ویتر نییه‌، سه‌رکه‌وتن و شکستى هه‌موومان پێکه‌وه‌یه‌، له‌ یه‌کڕیزى و ته‌بایى دا هه‌موومان سه‌رکه‌وتووین، بەڵام له‌ ناته‌بایى و لێکترازان دا، هه‌موومان دۆڕاو و شکستخواردووین.

سه‌رۆکی هه‌رێمی کوردستان لە پەیامەکەیدا ئه‌وه‌شی خستوه‌ته‌ڕوو کە، ئه‌مڕۆ له‌م ڕێوڕه‌سمه‌دا جارێکى دیکه‌ داوا له‌ هێز و لایه‌نه‌ سیاسییه‌کان ده‌که‌ین کێشه‌ و ناکۆکى به‌لاوه‌ بنێن و به‌ گفتوگۆ و لێکگه‌ییشتن گرفتەکان چاره‌سه‌ربکه‌ن، یه‌کڕیزى و ته‌بایى بپارێزن، با پاراستنى ده‌سکه‌وته‌کان و فیدراڵى و کارکردن له‌پێناو ئێستا و داهاتویه‌کى باشتردا ، هه‌موومان پێکه‌وه‌ کۆبکاته‌وه‌.

ئەمڕۆ شەممە رێوڕەسمی تایبەت بە پێشوازی لە تەرمی «ئاکام عومەر» فەرماندەی هێزەکانی کۆماندۆی ھەرێمی کوردستان بە ئامادە بوونی «بافڵ جەلال تاڵەبانی»، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و «رێواز فایەق» سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان و «بەرهەم ساڵح» سەرۆک کۆماری پێشووی عێراق و «قوباد تاڵەبانی»، جێگری سەرۆک وەزیرانی هەرێم و نوێنەری سەرۆکایەتی هەرێم و ژمارەیەک لە بەرپرسانی حکومی و حزبی و نوێنەر و نێردەی وڵاتان و هێز و لایەنە سیاسییەکانی هەرێم و عێراق بەڕێوە چوو.

جێگای ئاماژەیە،پەیامی یەکڕیزی و تەباییەکەی «نێچیرڤان بارزانی» سەرۆکی ھەرێمی کوردستانی عێراق وەک سەرکردەیەکی باڵای پارتی دیموکراتی کوردستان لە کاتێکدایە کە ھیچکام لە بەرپرسانی باڵای ئەم دووھەم لایەنە  سەرەکییەی ھەرێم بەشداریی ڕێ و ڕەسمی پێشوازی کردن لە تەرمی «ئاکام عومەر» فەرماندەی هێزەکانی کۆماندۆی ھەرێمی کوردستانیان نەکرد بوو.

سەرپەیڤ