ھەڵەبجەییەکان بایکۆتی ساڵیادی کیمیابارانی شارەکەیان دەکەن
ژمارەیەک لەچین و توێژەکانی پارێزگای هەڵەبجە، ئێوارەی ڕۆژی شەممە لەکۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا ناڕەزایەتی خۆیانیان بەرامبەر بەخراپی بارودۆخی پارێزگاکەیان دەربڕی و رایانگەیاند: رۆژی 14ی ئەم مانگە خۆپیشاندان دەست پێ دەکەن و بەهەموو شێوەیەکیش بایکۆتی سی و پێنجەمین ساڵیادی کیمیابارانکردنی شارەکەیان دەکەن.
بە پێی ڕاپۆرتی کەناڵی ئاسمانیی سەحەر بە گێڕانەوە لە ماڵپەڕی خەندان، ئێوارەی ڕۆژی شەممە دوای کۆبوونەوەیەکی راوێژکاری بەبەشداریی ژمارەیەک لە نوێنەرانی چین و توێژە جیاوازەکانی هەڵەبجەی ھەرێمی کوردستان و کۆمەڵەی قوربانیان، بڕیاردرا رۆژی 14ی (ئازار)ی 2023 خۆپیشاندانێکی بەرفراوانی جەماوەری رێکبخرێت و داواکانی خەڵکی شارەکە بخرێنەڕوو.
لەکۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیشدا، نوێنەری چین و توێژەکان رایگەیاند، لەکۆبونەوەکەماندا چوار خاڵی سەرەکیمان تاوتوێکردووەو گەیشتووینەتە ئەنجام، خاڵی یەکەمیش ئەوەیە، لەئەنجامی نیگەرانیی هەمەلایەنەی سنوری پارێزگای هەڵەبجە، بڕیاردرا رۆژی 14ی ئەم مانگە نیگەرانی و ناڕەزایەتیەکان لەچوارچێوەی خۆپیشاندانێکی بەرفراوانی هەمەلایەنە بخرێنەڕوو.
وتیشی: وەک خاڵی دوەمیش، کۆمەڵەی قوربانیان و خەڵکی هەڵەبجە بەشداریی هیچ جۆرە چالاکیەکی ساڵیادی کیمیاباران ناکەن کە دەسەڵات لە هەڵەبجە رێکی خستبێت، خاڵی سێیەمیش ئەوەیە کە بڕیارمان دا بە دروستکردنی ئەنجومەنێکی گشتگیر لەسەرجەم چین و توێژەکانی هەڵەبجە بۆئەوەی نوێنەرایەتیی راستەقینەی شارەکە بکەن لەهەرێم و عێراق و لە ئاستی نێودەوڵەتی و داواکارییەکانی خەڵکی هەڵەبجە بگەیەنن.
ئاماژەی بەوەشکرد، خاڵی چوارەمیش ئەوەیە کە، جیا لە باس کرانی ناڕەزایەتی بەشداربوان لەبەڕێوەبردنی ئێستای هەڵەبجە لەلایەن کاربەدەستانی ئێستاوە ، پێشنیاری جۆراوجۆریش خرایەڕوو بۆ ئەوەی لە داھاتوودا هەنگاوی زیاتر بگرینەبەر.