ھەڵەبجە بوو نۆزدەھەمین پارێزگای عێراق
ئەمڕۆ دووشەممە ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق کۆبووەوە و پڕۆژەیاسای بودجەی 2023، 2024 و 2025 پەسەندکرد و رەوانەی پەرلەمانی کرد بەمەبەستی پەسەندکردنی، هاوکات ئەنجومەنی وەزیران رێکارە کارگێڕییەکانی بۆ بە پارێزگاکردنی ھەڵەبجەشی پەسەندکرد و وەک 19هەمین پارێزگای عێراق ناساندی.
بە پێی ڕاپۆرتی کەناڵی ئاسمانیی سەحەر بە گێڕانەوە لە ماڵپەڕی خەندان، پێش نیوەڕۆی ئەمڕۆ بەسەرۆکایەتیی «محەمەد شیاع سودانی» سەرۆک وەزیران، ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق کۆبونەوەیەکی تایبەتی بۆ پەسەندکردنی پڕۆژەیاسای بودجەی ساڵانی 2023، 2024 و 2025 سازکرد و ھەر لە لەکۆبونەوەکەدا رێکارە کارگێڕییەکانی بەپارێزگاکردنی هەڵەبجەش پەسەندکرا و لەم بارەیەوە ئامانج رەحیم، سکرتێری ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان رایگەیاندووە، بە بڕیاری ئەمڕۆی کۆبونەوەی نائاسایی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق، ڕێکارە فیدڕاڵییەکانی بە پارێزگابوونی هەڵەبجە لەسەر ئاستی حکومەتی عێراقی فیدڕاڵ تەواو کرا.
ئاماژەی بەوەشکردووە، دوای بڕیارەکەی حکومەتی عێراقیش، لە ئەمڕۆوە هەڵەبجە بووەتە پارێزگای ژمارەی 19ی عێراق.
پڕۆژەیاسای بودجەی ئەمساڵی عێراق بە گەورەترین پڕۆژەی بودجە لەدوای ساڵی 2003ەوە دادەنرێت کە قەبارەکەی بە زیاتر لە 150 ترلیۆن دینار مەزەندە دەکرێت، پشکی هەرێمی کوردستانیش لە پڕۆژەی بودجە بە 12.67% جێگیرکراوە.