ئادار 15, 2023 23:28 Asia/Tehran
  • سودانی: دوو رۆژ لەمەوبەر رێککەوتین ھەڵەبجە بکەینە پارێزگا، ئەمە کەمترین شتە پێشکەش بە قوربانیانی ئەم شارەی دەکەین

«محەمەد شیاع سودانی» سەرۆک وەزیرانی عێراق لە وتارێکدا لەدیداری سلێمانی رایگەیاند: دوو رۆژ لەمەوبەر رێککەوتین ھەڵەبجە بکەینە پارێزگا، ئەمە کەمترین شتە پێشکەش بە قوربانیانی ئەم شارەی دەکەین.

بە پێی ڕاپۆرتی کەناڵی ئاسمانیی سەحەر بە گێڕانەوە لە میدیاکانی ھەرێمی کوردستان،«محەمەد شیاع سودانی» سەرۆک وەزیرانی عێراق لەوتاری دەستپێکی  دیداری سلێمانی کە بە دروشمی (پاش 20 ساڵ عێراق و ناوچەکە لەنێوەندی ئاڵنگارییە جیهانییە نوێیەکان) بەڕێوەدەچێت رایگەیاند: دەمانەوێت وەبەرهێنانی باش بکەین و سود لە داهاتی وڵاتەکەمان وەربگرین، یاسای نەوت و غاز بەڕێککەوتن لەگەڵ هەرێمی کوردستان تێپەڕێنین، کێشە هەڵپەسێردراوەکان کۆتایی پێ بهێنین و بیر لەچارەسەریی نیشتمانی بکەینەوە لەپێناو خۆشبەختی درێژخایەن بۆهاوڵاتیانمان لەسەرجەم گوند و ناوچەکان".

«سودانی» لە بارەی دیدارەکەشەوە وتی: دیداری سلێمانی دەرفەتێکی زۆر باشە پێکەوە کۆببینەوە ژمارەیەکی زۆر لە بەرپرسان و سەرکردەکان و توێژەران و ئەکادیمیاکان، ئەمە بەڵگەیەکە لەئازادیی رادەربڕین و بەسەربردنی ژیانێکی دیموکراسیانە لە عێراقی ئەمڕۆدا.

ئاماژەی بەوەشکرد، "ئەمڕۆ نزیکەی پێنج مانگ لە تەمەنی ئەم کابینەیە تێپەڕیوە، تێیدا لەدوای رێکەوتنێکی سیاسی ئەم حکومەتە بنیادنرا و پرۆگرامێکی وزاریمان داڕشت، پێکەوە بەڵێنمان دا رێکبکەوین و خزمەتگوزاری بۆ هاوڵاتیان دابینبکەین و ئابورییەکی بەهێز دابمەزرێنین بۆ وڵاتەکەمان، خۆشبەختی و خۆشگوزەرانی بۆ هاوڵاتیان لەسەرجەم ناوچەکان دابینبکەین.

ئەوەشیخستەڕوو، خەونی گەورەمان بۆ پرۆژە ستراتیژیەکان هەیە، بودجەی وڵات واقعیە و دەتوانێت چارەسەریی کێشە کەڵەکەبوەکانی بکات بەسەرجەم وردەکاریەکانیەوە و دەتوانین پرۆگرامێکی باشی وزاریمان هەبێت، بە هەنگاوێکی بوێرانە بۆ دارشتنی بودجەیەکی ئابوری، توانیمان نەخشە رێگایەکی باش دابڕێژین بۆ ئامانجە دوورمەوداکان و خزمەتکردنی هاوڵاتیان،چونکو بودجە کلیلی سەرەکیە بۆ کێشەکان.

ئاماژەی بەوەشکرد، "سەقامگیری ئابوری و سیاسی دابین دەکەین بۆ هاوڵاتیان، ئەو رێگایەی لەبەردەمماندایە دەمانەوێت وەبەرهێنانی باش بکەین و سود لە داهاتی وڵاتەکەمان وەربگرین، یاسای نەوت وغاز بەڕێکەوتن لەگەڵ هەرێمی کوردستان تێپەڕێنین، کێشە هەڵپەسێردراوەکان کۆتایی پێبهێنین و رابردو بەلاوە بنێین، بیر لەچارەسەری نیشتمانی بکەینەوە لەپێناو خۆشبەختی درێژخایەن بۆهاوڵاتیانمان لەسەرجەم گوند و ناوچەکان.

سەرۆک وەزیرانی عێراق لە وتارەکەیدا وتیشی: ئێستا لەیادێکی گرنگی بەئازاری وڵاتەکەمانین کە تاوانێکە ئەنجامدرا لەلایەن رژێمی پێشو لەدژی گەلی کوردمان لە هەڵەبجە، دوو رۆژ لەمەوبەر رێککەوتین ئەم شارە بکەینە پارێزگا، ئەمە کەمترین شتە پێشکەش بە قوربانیانی هەڵەبجەی بکەین.

سەرپەیڤ