لە ھەولێر ھەڵبژاردنی تورکیا دەستی پێ کرد
بەیانیی ئەمڕۆ هەینی لە کونسوڵخانەی تورکیا لە هەولێر پرۆسەی دەنگدان بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی و پەرلەمانی ئەو وڵاتە دەستی پێ کرد.
بە پێی ڕاپۆرتی کەناڵی ئاسمانیی سەحەر بە گێڕانەوە لە میدیاکانی ھەرێمی کوردستان، کاتژمێر (٩:٠٠)ی بەیانیی ئەمڕۆ ھەینی بنکەی دەنگدان لە ناو کونسوڵخانەی تورکیا لە هەولێر بە ڕووی هاوڵاتییانی ئەو وڵاتە کرایەوە و پرۆسەی دەنگدان بۆ هەڵبژاردنی سەرۆک کۆمار و پەرلەمانی ئەو وڵاتە دەستی پێ کرد.
بڕیارە پرۆسەکە لە پارێزگاکانی هەولێر و بەغداد و بەسرە سێ رۆژ بەردەوام بێت.
پێنج هەزار و ٧٤١ کەس کە هەڵگری رەگەزنامەی تورکیان لە عێراق مافی دەنگدانیان هەیە، لەو ژمارەیەش سێ هەزار و ٨٣٤ کەسیان لە هەرێمی کوردستانی ئەم وڵاتەن.
هەڵبژاردنی داهاتووی سەرۆکایەتی و پەرلەمانی تورکیا بڕیارە لە ١٤ی مای ئەمساڵ بەڕێوەبچێت.
تائێستاش چوار کەس بە فەرمی خۆیان بۆ سەرۆکایەتیی تورکیا کاندید کردووە، کە لە ھەموویان دیارتر «ڕەجەب تەیب ئەردوغان» سەرۆک کۆماری ئێستاو کاندیدی پارتی دادوگەشەو«کەمال کلیچدارئۆغڵو»، سەرۆکی پارتی کۆماری گەل و کاندیدی ھاوپەیمانیی «میللەت»ـن .
بە پێی ڕاپرسیەکان کە لەم دواییەدا ئەنجامی گرتووە «کەمال کلیچدارئۆغڵو» بە دەستخستنی ٤٨% ڕای ھاوڵاتیانی لە «ڕەجەب تەیب ئەردۆغان» کە ٤٤.٦% پشتیوانیی دەنگدەرانی بەدەست ھێناوە وەپێش کەوتووە.