ئه‌یلوول 16, 2023 14:03 Asia/Tehran
  • وەزارەتی تەندروستی: كۆلێرا لە سەرجەم شارەکانی هەرێمی کوردستانی عێڕاق بڵاوبووەتەوە

بریکاری وەزارەتی تەندروستی هەرێمی کوردستانی عێڕاق ڕایدەگەیەنێت،"پەتای كۆلێرا لە سەرجەم شارەکانی هەرێم بڵاوبووەتەوە".

 دکتۆر رەهێڵ فەرەیدوون، بریکاری وەزارەتی تەندروستی هەرێمی کوردستانی عێڕاق  لە چاوپێكەوتنێكی تەلەفزیۆنیدا ڕایگەیاند،"هەموو ساڵێک لە مانگی حوزەیرانەوە تا کۆتایی مانگی ئەیلوول، نیشانەکانی تووشبوون بە کۆلێرا لە هەرێم روو لە هەڵکشان دەکەن کە پیسبوونی سەرچاوەکانی ئاو هۆکاری سەرەکییە بۆ تەشەنەکردنی ئەو پەتایە".

 ئاماژەی بەوەشداوە،"ئەمساڵ تووشبوونی کۆلێرا بەراورد بە پار کەمی کردووە، بەڵام نەخۆشییەکە تووندتر بووە و لە هەموو هەرێم بڵاوبووەتەوە".

 دەشڵێت،"لە سلێمانی زیاترین تووشبوو تۆمارکراوە".

 ئەوەشی خستووەتەڕوو،"ساڵی رابردوو بۆ پشکنینی ئاوی سلێمانی سەردانی سەرچاوەکانی ئاوی ئەو پارێزگایەمان کرد و دەرکەوت نزیکەی 20%ـی خەڵکی سلێمانی سەرچاوەی ئاوی فەرمی حکومەتیان بۆ ناچێت".

 ڕوونیشیكردووەتەوە،"لە دووکان جارێک پشکنین بۆ ئاوەکە دەکرێت و کاتێک دەگاتە تانکەری ناوەندیی سلێمانی کە لە گردی جۆگەیە، جارێکی دیکە فیلتەر دەکرێتەوە و کلۆری تێدەکرێت و دواتر کە دەچێتە گەڕەکەکان، لە تانکەری ناوەندیی گەڕەکەکان پشکنینی بۆ دەکرێتەوە و دواتر لە نێو تەنکی ماڵانیشدا پشکنینی بۆ دەکرێت".

 جێگەی باسە، بەپی وتەی سامان بەرزنجی وەزیری تەندروستی هەرێم،"تووشبوون بە کۆلێرا لە سلێمانی گەیشتووەتە 130 حاڵەتی دەستنیشانکراو، بەڵام ئەم ژمارەیە ئاماژە بە ڕێژەی واقیعی ناکات".

 

 

 

سەرپەیڤ