کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق: زیاتر لە 800 هەزار دەنگدەر لە هەرێمی کوردستان مافی دەنگدانیان نییە
کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق ڕایگەیاند: زیاتر لە ٨٠٠ هەزار دەنگدەر لە هەرێمی کوردستان مافی دەنگدانیان نییە.
دەرفەتی ناوتۆمارکردن بۆ بەشداری لە هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان کۆتایی هات و نزیکەی ١٢٥ هەزار دەنگدەر ناوی خۆیان لە لیستی دەنگدەراندا تۆمار کردووە کە لەو هەژمارە ٤٢ هەزار دەنگدەر یەکەم جاریانە لە هەڵبژاردنەکاندا بەشدار دەبن، هەروەها زیاتر لە ٨٠٠ هەزار دەنگدەریش ناوی خۆیان لە لیستی دەنگدەراندا تۆمار نەکردووە، کەوایە مافی دەنگدانیان نییە.
جۆمانه غولای، وتەبێژی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق بە ماڵپەڕی فەرمی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان (puk میدیا)ی ڕاگەیاند: بە گشتی ١٢٤ هەزار و ٦٦٧ دەنگدەر ناویان تۆمار کردووە و لەو هەژمارە ٤٢ هەزار و ١٤ دەنگدەر لەدایکبووی ٢٠٠٦ بەم لاوەن و یەکەم جارە کە لە هەڵبژاردنەکان بەشداری دەکەن.وتەبێژی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق وتیشی: لە هەولێر 62 هەزار و 777 دەنگدەر، لە سلێمانی 36 هزار و 92 دەنگدەر و لە دهۆکیش 25 هەزار و ۷۹۸ دەنگدەر ناوی خۆیان تۆمار کردووە بۆ وەرگرتنی کارتی دەنگدان، پرۆسەی ناوتۆمار کردنیش لە دەسپێکی مانگی فێڤرییەوە تا ١٠ی مارسی ٢٠٢٤ بەردەوام بوو.
وتەبێژی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق ئاماژەی بەوەشدا : بە گشتی لە هەرێمی کوردستاندا ۳ میلیون و ۷۸۹ هەزار و ٣٦٠ کەسی شیاوی دەنگدان هەیە کە لەو هەژمارە زیاتر لە ۲ ملوێن و ۹۰۰ هەزار دەنگدەر ناوی خۆیان بە شێوەی بایۆمتریک تۆمار کردووە و لە هەڵبژاردنەکان بەشداری دەکەن.