ئادار 20, 2024 13:37 Asia/Tehran

لە چەند گەڕەکی شاری دهۆک، لافاو چووەتە نێو ماڵان و لە بەشێک لە کۆڵانەکاندا لافاو تا سەربانی ماڵەکان بەرز بووەتەوە، تیمەکانی فریاکەوتنیش بە شۆفڵ خەڵک لەنێو ماڵەکانەوە رزگار دەکەن.

بەهۆی بارانی بەلێزمەوە کە لە بەرەبەیانی ئەمڕۆوە لە دهۆک و دەوروبەری دەستیپێکردووە، ئاوی رووبارەکانی ئەم شارە بەرزبووەتەوە و چووەتە نێو گەڕەکی سەرهەڵدان و ئاو چووەتە نێو ماڵانەوە. تیمەکانی بەرگریی شارستانی و شارەوانی و هێزە ئەمنییەکان سەرجەمیان بەنێو ئەو گەڕەکانەدا بڵاوبوونەتەوە کە کەوتوونەتە ژێر لافاوەوە.

 لە کۆمەڵگەی بەڕۆژکێ بە دوو شۆفڵ هاووڵاتییان لەو ماڵانە دەهێننە دەرەوە کە کەوتوونەتە ژێر ئاوەوە.

هەر ئەمڕۆ ئۆتۆمبێلێک بە چوار سەرنشینەوە کەوتە بەر لافاو کە لەم بارەوە بێوارعەبدولعەزیز، گوتەبێژى پۆلیسى بەرگریى شارستانیى دهۆک راگەیاندووە؛ "ئۆتۆمبێلێک بە چوار سەرنشینەوە ئاو بردوویەتی، توانیمان دوو لە سەرنشینەکان رزگاربکەین و دوو کەسەکەی دیکەش گیانیان لەدەستدا. سەرچاوەیەک لە بەرگریی شارستانیی دهۆک وتی بەپێی ئاماری سەرەتایی؛ جگە لە گیانلەدەستدانی ئەو دوو کەسە، نزیکەی 100 ماڵ، هەروەها نزیکەی 15 ئۆتۆمبێل، ئەمڕۆ ژێر ئاوی لافاو کەوتوون. ئەو لافاوەی ئەمڕۆی دهۆک جگە لە زیانی گیانی زیانێکی ماددی زۆریشی هەبووە.

سەرپەیڤ