کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق: وادەی وەرگرتنی لیستی بەربژێری حیزب و هاوپەیمانییەکان درێژ ناکرێتەوە
کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق رایگەیاند، رۆژی پێنجشەممەی ئەم هەفتەیە دوایین رۆژە بۆ پێشکێش کردنی لیستی ناوی بەربژێران بۆ پەرلەمانی کوردستان و بەرپرسێکی کۆمیسیۆنیش دەڵێت: "تائێستا هیچ لایەنێک لیستی پێشکێش نەکردووە و وادەکەش درێژناکرێتەوە."
دوێنێ دووشەممە، 25ـی ئاداری 2024، کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق کە دامەزراوەی راسپێردراوە بۆ سەرپەرشتی کردنی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان، لە راگەیێندراوێکدا رایگەیاند، رۆژی پێنجشەممە، 28ـی ئادار دوا مۆڵەتە بۆ هاوپەیمانێتی و حیزبە سیاسییەکان بۆ ئەوەی لیستی ناوی بەربژێرەکانیان پێشکێشی کۆمیسیۆن بکەن.
بەپێی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق، لەگەڵ کۆتاییهاتنی دەوامی فەرمی رۆژی پێنجشەممە، کۆتایی بەو وادەیەش دێت و دوای ئەوە لیستی بەربژێران وەرناگرن.
"عیماد جەمیل"، سەرۆکی تیمی میدیایی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، وتویه تی : "تاوەکو ئەمڕۆ هیچ حیزب و هاوپەیمانێتییەک لیستی ناوی بەربژێرانی پێشکێش بە کۆمیسیۆن نەکردووە، ئێمە دەزانین رۆژانی چوارشەممە و پێنجشەممە، واتە رۆژانی 27 و 28ـی ئەم مانگە حیزب و هاوپەیمانێتییەکان لیستەکانیان پێشکێش دەکەن.
بڕیارە هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان لە 10ـی حوزەیرانى داهاتوو بکرێت، یەکەمجارە بەبێ کورسیی کۆتای پێکھاتەکان دەبێت، کە پێنج کورسی بۆ کریستیانەکان، پێنج بۆ تورکمان و کورسیەکى دیکەیان بۆ ئەرمەن بوو، بەڵام لە 21ـی شوبات دادگەى باڵاى فیدراڵى عێراق بڕیاریدا بە هەڵوەشاندەوەی کورسیی کۆتاکان.