May 09, 2024 13:13 Asia/Tehran

نوێنەری هەرێمی کوردستان لە ئێران وێڕای ئاماژە بە سەفەری نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستانی عێراق بۆ ئێران، وتی: ئەنجامی بەرایی ئەو سەفەرە کە سێ تەوەری ئابوریی، ئاسایشی و سیاسی لەخۆگرتبوو، ئەرێنی بووە.

نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستانی عێراق رۆژی یەکشەممە لەسەرووی شاندێکی باڵادا گەیشتە تاران و لەمیانی ئەو سەردانەیدا، چاوی کەوت بە رێبەری بالای شۆڕشی ئیسلامی، سەرۆک کۆمار، وەزیری دەرەوە، سکرتێری ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانی، سەرلەشکر سەلامی فەرماندەی گشتیی سپای پاسدارانی شۆڕشی ئیسلامی و سەرۆکی مەجلیسی شۆڕای ئیسلامی.

بەرپرسانی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە دیدار لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی، جەختیان کردەوە لەسەر گرینگایەتی جێبەجێکرانی تۆکمەوتەواوی ڕێککەوتننامەی ئاسایشیی نیوان ئێران و عێراق کە هەرێمی کوردستان لەوبارەوە دەوری دیاریکەر دەبینێ. بارزانیش لەو دیدارانەدا پێی داگرت، ڕێگە نادەین هەرێمی کوردستان ببێ بە ناوەندێک بۆ هەڕەشەی سەر وڵاتانی دراوسێ بۆ نمونە، ئێران.

"زیا‌ء ئەلناسری" راوێژکاری سەرۆک وەزیرانی عێراق وێڕای دەربڕینی خۆشحاڵی لە سەفەری سەرۆکی هەرێمی کوردستان بۆ ئێران وتی کە ئەو سەفەرە تاڕادەیەکی زۆر ناکۆکییەکانی چارەسەرکردو هەر هەوڵێک کە لەپێناو چارەسەریی ناکۆکییەکان لەگەڵ ئێران ئەنجام بگرێ، بەقازانجی دوو وڵاتی ئێران و عێراقە.

"نازم دەبباغ" نوێنەری هەرێمی کوردستانی عێراق لە تارانیش سەبارەت بە سەفەری بارزانی وتی: ئەو سەفەرە، هەنگاوێکی ئیجابی بوو لەئاراستەی بەهێزکردنی پەیوەندییەکان و چارەسەریی هەندێ لە ناکۆکییە بەدیهاتووەکانی نێوان تاران و هەرێمی کوردستان.

ناوبراو وێڕای ئاماژە بەوەی کە لەو سەفەرەدا، دوو لایەن جەختیان کرد لەسەر چارەسەریی کێشەکانی بەردەم لەوان بابەتە ئاسایشیەکان، وتی: ئەنجامی ئەو سەردانەی بەڕێز بارزانی پۆزێتیڤ بوو.

وتیشی: ئەو سەفەرە، سێ تەوەری ئاسایشی، ئابوری و سیاسی لەخۆگرت و لە دیداری بارزانی لەگەڵ حەزرەتی ئایەتوڵڵا خامەنەیی ڕێبەری ئێران لەسەر ئەو بابەتە جەخت کرا کە پەیوەندیی نێوان دوو لایەن لەوبوارانەدا بەهێز بکرێ و شاندێک کە سەردانی تارانی کردبوو، پێکهاتبوو لە؛ هەموو پارت و لایەنەکانی هەرێمی کوردستانی عێراق و ئەوەش، بەستێن خۆشکەرە بۆ پەرەی پەیوەندیی نێوان هەولێر وتاران.

 

سەرپەیڤ