ئادار 29, 2025 16:02 Asia/Tehran

دانوستانەکانی نێوان بەرپرسانی هەرێمی کوردستان و حکومەتی عێراق و کۆمپانیا بیانییەکانی نەوت سەبارەت بە دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوت لە هەرێمی کوردستانەوە، گەیشتۆتە چەقبەستوویی.

بە پێی ڕاپۆرتی ئاژانسی ڕۆیتێرز، دانوستانەکان بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوتی کوردستانی عێراق لە ڕێگای هێڵی بۆریی عێراق-تورکیا ڕووبەڕووی ئاستەنگ بۆتەوە، لەبەر ئەوەی کە هێشتا شەفافییەتی پێویست لەبارەی پێدانی حەقەدەسی کۆمپانیاکان، نرخی نەوت و داڕشتی گرێبەستەکان لەئارادا نییە.

دوو سەرچاوەی ئاگادار ڕایانگەیاندووە، ئەم دانوستانانە کە لە کۆتایی مانگی فێڤرییەوە دەستیپێکردووە، تا ئێستا نەیانتوانیوە کۆتایی بەو چەقبەستووییە نزیکەی دوو ساڵەیە بێنێ کە بووەتە هۆی وەستاندنی پرۆسەی هەناردەکرانی نەوت لە کوردستانی عێراقەوە بۆ بەندەری جەیهانی تورکیا.

ئەو دوو سەرچاوەیە ڕایانگەیاندووە، ڕۆژی پێنجشەممە وەزارەتی نەوتی عێراق نووسراوێکی ئاراستەی بەرپرسانی حکومەتی هەرێم کردووە و داوای لێکردوون کە ڕاوێژکارێکی سەربەخۆ بۆ هەڵسەنگاندنی تێچووی بەرهەمهێنان و گواستنەوە لە هەر کێڵگەیەکی نەوتییەوە دیاری بکەن بەمەبەستی دیاریکرانی نرخەکان. بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی کە بەغدا هێشتا لە دانوستاندایە لەگەڵ کۆمپانیا نەوتییە نێودەوڵەتییەکان سەبارەت بە بازنەی دەسەڵات و ئەرکەکان کە پێویستە ئەم ڕاوێژکارە ئەنجامی بدات، ئەم سەرچاوانە دەڵێن کە ئەمە گومانی درووست کردووە لەسەر پابەندمانەوەی بەغدا بە جێبەجێکردنی گرێبەستەکانی ئێستایڤ لەگەڵ هەرێمی کوردستان. یەکێک لە سەرچاوەکان وتوویەتی کە  "هێشتا هیچ ڕێگا و شێوازێک بۆ ئەم بابەتە تەبایی لەسەر نەکراوە و کەوایە نیگەرانییەکە ئەوەیە کە لە کۆتاییدا کۆمپانیاکان نەزانن چەندە پارەیان پێدەدرێت بۆ بەرهەمهێنانی نەوت ، چونکە ڕەنگە ئەم ڕاوێژکارە هەموو چاوەڕوانییەکانی سەبارەت بە پارەپێدان بگۆڕێت".

سەرپەیڤ