درێژەی وتووێژەکان بۆ دەسپێکی سەرلەنوێی هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستانی عێراق
لە حاڵێکدا کە هەوڵەکان بۆ دەسپێکردنەوەی سەرلەنوێی هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان بەردەوامە جێگری سەرۆکی کومیسیونی نەوت و گازی پەرلەمانی عێراق ڕایگەیاند کە شاندێک لە هەرێمەوە ڕەوانەی بەغدا کراوە بەڵام سەرەڕای ئەنجام دانی بەڵێنەکان لە لایەن هەولێرەوە حکومەتی فیدڕاڵی تا ئیستا هیچ گەرەنتیەکی بۆ دانی بڕە پارەی 16 دولاری بە کومپانیا نەوتییەکان نەداوە .
سەباح سۆبحی، جێگری سەرۆکی کۆمسیۆنی نەوت و گاز لە پەرلەمانی عێراق ڕایگەیاند، لەسەر داوای محەمەد شیاع سودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق، شاندێکی وەزارەتی سەرچاوە سروشتییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕەوانەی بەغدا کراوە بۆ گفتوگۆکردن لەسەر دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوتی هەرێم. سۆبحی وتیشی: لە کۆبوونەوەکەی ئەم دواییەی ئێمە لەگەڵ سەرۆک وەزیرانی عێراق چەند ڕێگەچارەیەکی تایبەت پێشنیار کرا بۆ چارەسەرکردنی ئەو کێشانەی بەردەم پڕۆسەی هەناردەکردنی نەوتی هەرێم ، تێگەیشتنیشمان ئەوەیە کە کردەوەی سودانی لە چاو ڕابردوودا گۆڕاوە و ئەو ئێستا دەیەوێت هیچ بەربەستێک لە بەردەم دەستپێکردنەوەی دوبارەی هەناردەکردنی نەوت لە هەرێمەوە نەهێڵێتەوە. بۆیە تائێستا گفتوگۆی شاندی نێردراوی هەرێم لە بەغدا بەردەوامە و ئامانجیشیان لابردنی ئاستەنگەکان و ئامادەکردنی بوار بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوت لە هەرێمەوە بۆ بازاڕە جیهانییەکانە.