دەقی ڕێککەوتننامەی هەولێر و بەغدا لە سەر نەوت و مووچە
حکومەتی عێراق و حکومەتی هەرێمی کوردستان پاش چەندین مانگ بگرە و بەردە لە سەر چۆنیەتی ڕادەستکرانی نەوتی هەرێم و دابینکرانی سەرچاوەکانی خەرجکردنی مووچە، گەیشتنە ڕێککەتنی یەکجاری.
بە پێی ئەم ڕێککەوتنە، هەرێمی کوردستان بەڵێنمەند کراوە بە ڕادەستکرانی ڕۆژانە ٢٣٠ هەزار بەرمیل نەوت بە کۆمپانیای سۆمۆ. هەروەها دەبێ بەشێکی بەرچاوی داهاتی نانەوتیش بداتە خەزێنەی فیدراڵی.
ئەنجومەنی وەزیران لە دوایین کۆبوونەوەیدا دەقی یەکجاری ڕێککەوتننامەی سەبارەت بە نەوت و خەرجکردنی مووچەی فەرمانبەران لە نێوان هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵی خوێندەوە و پەسەندی کرد.
گرینگترین بڕگەکانی ئەم ڕێککەوتننامەیە بریتین لە:
لە بەشی دۆسییەی ڕادەستکرانی نەوتدا هەرێمی کوردستان بەڵێمەند کراوە بەوەی کە هەموو نەوتی کێڵگە نەوتییەکانی بۆ هەناردەکران، ڕادەستی کۆمپانیای بەبازاڕکردنی نەوتی عێراق ناسراو بە سۆمۆ بکات. لەهەمبەردا وەزارەتی دارایی فیدراڵ ئەرکی ئەوەی لە ئەستۆدایە کە بە پێی یاسای بودجە، بڕی ١٦ دۆلار بۆ هەر بەرمیل نەوت دەداتە حکومەتی هەرێم. بەو مەرجەی کە ڕادەی نەوتی رادەستکراوی هەرێم لە ڕۆژدا کەمتر لە ٢٣٠ هەزار بەرمیل نەبێ. بێتوو هەرێم بە هەر بۆنەیەک هەناردەی خۆی راگرێ، دەبێ سەرجەم بەرهەمی نەوتی خۆی ڕادەستی وەزارەتی فیدراڵی بکات.
ڕۆژانەی ٥٠ هەزار بەرمیل نەوتیش تەرخان دەددرێ بە بەکارهێنران لە ناوخۆی هەرێمدا، بەو مەرجەی هەرێمی کوردستان ڕاپۆرتی بەکارهێنان، گواستنەوە و داهاتەکەیشی بخاتە بەردەست.
لە بەشی داهاتی نانەوتیشدا حکومەتی هەریم دەبێ بڕی ١٢٠ ملیار دینار وەک پشکی بەرایی لە داهاتی نانەوتیی مانگی مەی ڕادەستی وەزارەتی دارایی فیدراڵی بکات تا پاش لێکۆڵینەوەی تۆکمە و تەواو، هەمووی یەکلا بکرێتەوە.
کۆمیتەیەکی هاوبەشیش بۆ یەکجاری کردنی تەوتین(دانی ڕاسەوتخۆی مووچە) لە هەرێمدا لە چوارچێوی بڕیاری دادگەی فیدراڵی پێکدەهێندرێ کە ئەرکەکانی دەبێ لە ماوەی سێ مانگدا ڕاپەڕێنێ. پاشان تەنیا مووچەی ئەو فەرمانبەرانی خەرج دەکرێ کە حسێبی بانکیان لە چوارچێوی تەوتیندا هەبێ.
وەزارەتی دارایی عێراق پاش پشتراستکردنی ڕادەستکرانی تۆکمەی ٢٣٠ هەزار بەرمیل نەوتی ڕۆژانە لە لایەن سۆمۆوە، خەرج کردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی بۆ مانگی مەی دەست پێ دەکات.