یارمەتیی شەش ملوێن دۆلاریی سێ ڕێکخراوی هەرێمی کوردستان بۆ خەڵکی غەززە
سێ رێکخراوی هەرێمی کوردستانی عێراق نزیکەی 6.9 ملیۆن دۆلاریان بۆ لێقەوماوانی غەززە ناردووە
لە سەرەتای دەستپێکردنی شەڕی نێوان رژیم زایونی و حەماس، ناردنی یارمەتی بۆ خەڵکی سڤیلی غەززە لە هەرێمی کوردستانەوە دەستیپێکرد، لەدوای گەمارۆ ئابوورییەکەی سەر غەززە، ناردنی یارمەتی زیادیکرد. بەگوێرەی بەدواداچوونێکی تۆڕی میدیایی رووداو، تەنیا لە رێگەی سێ دەزگای خێرخوازییەوە، نزیکەی 6.9 ملیۆن دۆلار هاوکاری نێردراوە.
هەرسێ حیزبە ئیسلامییەکانی کوردستان (یەکگرتوو، بزووتنەوەی ئیسلامی و کۆمەڵی دادگەری)، هەر کامەیان رێکخراوێکیان بۆ کۆکردنەوەی هاوکاری و یارمەتی گەیاندن بە خەڵکی غەززە کارا کردووە، کە هەریەکەیان بە بڕی جیاواز هاوکاریی مادییان ناردووە و تاوەکو ئێستاش بەردەوامن. رێکخراوی بەختەوەری کە حاجی کاروان سەرپەرشتیی دەکات، لە ناردنی هاوکاری چالاکترینە و تاوەکو ئێستا، بە گوتەی حاجی کاروان، نزیکەی 6.5 ملیۆن دۆلار پارەیان ناردووە بۆ غەززە.