سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی: چەند کۆبوونەوەیەک بۆ یەکلاکردنەوەی سەرککۆمار و سەرۆکوەزیران بەڕێوەدەچێ
سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی له پارلمانی عێراق وتی چەند کۆبوونەوەیەک بۆ یەکلایکردنەوەی هەردوو پۆستی سەرۆکوەزیران و سەرۆککۆماری عێراق بەڕێوەدەچن.
شاخەوان عەبدوڵڵا، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق، لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا، رەتیکردەوە، کێشەی ئێستای پرۆسەی سیاسیی عێراق، تەنیا پۆستی سەرۆککۆمار و ناکۆکییەکانی نێوان پارتی و یەکێتی بێت و گوتی، لایەنە شیعییەکانیش ناکۆکییان لەبارەی پۆستی سەرۆکوەزیران هەیە.
بە گوتەی سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی، لایەنە سیاسییەکان دەیانەوێت پێش بەڕێوەچوونی دانیشتنی پەرلەمان لەسەر هەردوو پۆستەکە بگەنە رێککەوتن، چونکە ئەگەر دانیشتنی پەرلەمانیش بەڕێوچوو، بەبێ رێککەوتن ناتوانرێت سەرۆککۆمار هەڵبژێردرێت.
هەرێم کەمال ئاغا، سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتی نیشتمانیی کوردستان لە پەرلەمانی عێراقيش رایگەیاند، رۆژی چوارشەممەی داهاتوو هەردوو شاندی دانوستانکاری پارتی و یەکێتی لە ئاستی باڵادا کۆدەبنەوە.