شوبات 15, 2018 16:15 Asia/Tehran
  • ڕۆحانی: ترانزیت و پەیوەست بوونی هیندستان بە چابەهار لەو پرسە گرینگانەی پێوەندییەکانی ئێران و هیندستانە

سەرۆک کۆماری ئیسلامیی ئێران وتی: یەکێک لە پرسە زۆر گرینگەکانی پێوەندییەکانی نێوان ئێران و هیندستان، مەسەلەی ترانزیت و پەیوەست بوونی هیندستان لە ڕێگای بەندەری چابەهارەوە بە ئەفغانستان و ئاسیای ناوەڕاستە.

"حەسەن ڕۆحانی" ڕۆژی پێنجشەممە لە پرێس کۆنفرانسی پێش سەفەری بۆ هیندستان، سەرمایە نانەوە لە بەندەری چابەهار و ئاسنەڕێ بۆ زاهیدانی بە یەکێکی دیکە لە پرسە گرینگەکانی هاوکاریی نێوان ئێران و هیندستان هێنایە ئەژمار و وتیشی: ڕێگای پێوەندییەکانی دوو وڵاتی گرینگی ئێران و هیندستان لە ئاراستەیەکی پۆزیتیڤ و درووستدا هەڵکەوتووە و سەفەری مانگی مەیی ٢٠١٦ی "نارێندرا مۆدی" سەرۆک وەزیرانی هیندستان بۆ تاران، کاریگەرییەکی ئەرێنی دانا و هیوادارین بتوانین داهاتوویەکی باشترمان لە تەعامول و هاوکاری لەگەڵ وڵاتانی ناوچە و هیندستاندا هەبێ.

سەرۆک کۆماری ئێران هەروەها وتی: ئێران و هیندستان سەبارەت بە پرسەکانی ناوچە و جیهان نیگەرانی هاوبەشیان هەیە و لەم سەفەرەدا سەبارەت بە هەندێ پرس و بابەتی وەک تیرۆریست ڕاوێژ دەکەن.

ناوبراو ئێران و هیندستانی بە دوو ئەندامی گرینگی بزووتنەوەی بێ لایەنەکان زانی و وڕاشکاوانە رایگەیاند: دوو وڵات سەبارەت بە پرس و بابەتە گرینگە نێودەوڵەتییەکان و هەروەها پرسەکانی هاوپێوەند بە وڵاتانی ڕوو لەگەشە پێکەوە وتووێژ و ڕاوێژ دەکەن.

سەرپەیڤ