ئادار 25, 2020 17:10 Asia/Tehran
  • عەدنان زورفی لەیەکەم جوڵەیدا ھەوڵی لێک دابڕینی لایەنە شێعەکان دەدات

سەرچاوەیەکی نزیک لە عەدنان زورفی سەرۆک وەزیری راسپێردراو بۆ پێکهێنانی حکومەتی کاتی ئاشکرایکرد، ناوبراو سەرکەوتوو بووە لە بەدەستهێنانی دەنگی ١٠٠ پەرلەمانتاری عێراقی ناو هێزە شیعییەکان، ئەویش دوای جوڵەیەکی ناوبراو بۆ بەدەستهێنانی رەزامەندی پەرلەمانتاران لەجیاتی کوتلە و هاوپەیمانییە سیاسییەکان.

ئەو سەرچاوەیە رایگەیاندووە، زورفی دەستی بە جوڵە و دانوستانەکانی کردووە لەسەر ئاستی پەرلەمانتارەکانی ناو هێزە سیاسییە شیعییەکان، بەو پێیەی خۆشی پەرلەمانتار بووە و لێیانەوە نزیکە.

بەقسەی ئەو سەرچاوەیە، کە لەبەر هەستیاری زانیارییەکان داوای کردووە ناوەکەی ئاشکرا نەکرێت ، سەرۆک وەزیرانی راسپێردراو لەمیانەی ئەو جوڵەیەیدا توانیویەتی دوور لەرەزامەندی پارت و سەرۆک کوتلەکانیان پشتگیری ١٠٠ پەرلەمانتاری ناو هێزە شیعییەکان بەدەستبهێنێت .

هەر لەو چوارچێوەیەدا عەلی بەدیری پەرلەمانتاری رەوتی حیکمەی نیشتمانی جەختیکردووەتەوە، زورفی توانیویەتی دوور لەرەزامەندی کوتلە سیاسییەکان رەزامەندی بەشێک لە پەرلەمانتاران بەدەستبهێنێت .

بەدیری راشیگەیاندووە، کە هەندێک لە پەرلەمانتاران بێگەڕانەوە بۆ سەرۆکی پارت و کوتلە سیاسییەکانیان پشتیوانی زورفی دەکەن بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆک وەزیران، کە هەندێک لەو پەرلەمانتارانە لەناو ئەو پارتانەدان، کە بەرهەڵستی راسپاردنی زورفی دەکەن.

راسپاردنی عەدنان زورفی بۆ پێکهێنانی حکومەت دوای ئەوە دێت، کە پێشتر محەمەد تۆفیق عەلاوی بەهۆی بەدەستنەهێنانی متمانەی پەرلەمانتارانەوە نەیتوانی لە پێکهێنانی کابینەی حکوومەت سەرکەوتوو بێت بۆیە لە ئەرکی پێکهێنانی حکومەت کشایەوە .