ئه‌یلوول 20, 2020 13:24 Asia/Tehran
  • پەرلەمانتارێکی عێراقی : هەولێر و بەغدا لە سەر هیچ بابەتێک ڕێکنەکەوتوون

ئەندامێکی پەرلەمانی عێراق رایدەگەیەنێت کە هەرێم و بەغدا رێکنەکەوتوون و جەختیش دەکاتەوە کە حکومەتی عێراق بە شەرمنانە مامەڵە دەکات.

بە پێی ڕاپۆرتی ئاژانسی هەواڵی مێهر لە شارپرێش، نەدا شاکر ئەندامی لیژنەی ئابوری و وەبەرهێنان لەئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ئاشکرای کرد حکومەتی فیدراڵی و حکومەتی هەرێمی کوردستان لەبارەی داهاتە نەوتی و نانەوتییەکانەوە بەهیچ ئەنجامێک نەگەیشتوون و حکومەتی بەغداشی تۆمەتبار کردووە کە لەبارەی داهاتەکانی هەرێمەوە بەشێوەیەکی شەرمنانە مامەڵە دەکات .

شاکر باسی لەوە کردووە کە سەردانەکەی مستەفا کازمی سەرۆک وەزیری عێراق بۆ هەرێمی کوردستان نەبۆتە هۆی ئاشکراکردنی ئەوەی چی شتێک بەسەر کێشە هەڵواسراوەکانی نێوان هەرێم و بەغدادا هاتووە و ئەو دوو لایەنە بۆچارەسەرکردنیان چی هەنگاوێکیان ناوە .

لەبەشێکی تری قسەکانیدا ئەو ئەندامەی پەرلەمانی عێراق ئاماژەی بۆ ئەوە کردووە کەبەپێی زانیارییە بەردەستەکان تائێستا هەردوو لایەنی هەرێم و بەغدا لەبارەی رادەستکردنی داهاتە نەوتی و نانەوتییەکانی وەک دەروازە سنوورییەکان و فڕۆکەخانەکانی هەرێم بە بەغدا بەهیچ ڕێکەوتنێک نەگەیشتوون .

هەروەک جەختیشی کردۆتەوە کە پێویستە داهاتەکانی وڵات بەشێوەیەکی دادپەروەرانە لەنێوان رۆڵەکانی گەلی عێراقدا دابەش بکرێت و داهاتەکانی هەرێمیش بخرێتە ناو گەنجینەی گشتیی حکومەتی عێراقەوە .

وتەکانی ئەم پەرلەمانتارەی پەرلەمانی عێراق لە کاتێکدایە کە مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی ھەرێمی کوردستان لە یەک دوو ڕۆژی رابردوودا رایگەیاند زۆرگەشبینە بە رێککەوتن لە گەڵ حکومەتی ناوەندیی عێراق . 

سەرپەیڤ

بۆچوونت