Nov 06, 2019 09:01 Asia/Tehran
  • نێچیرڤان بارزانی: باشترین چارەسەر بۆ کوردەکانی سوریا، گفتوگۆکردنە لەگەڵ دیمەشق

سەرۆکی هەرێمی کوردستانی عێراق رایدەگەیەنێت؛ کە کاتی ئەوە هاتوە وجودێکی جددیان هەبێت لە بەغدا، دەشڵێت: کەمکردنەوەی دەسەڵاتەکانی هەرێم لە دەستور، ناسەقامگیری سیاسی دروست دەکات.

به پێی راپۆرتی(سبەی):نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستانی عێراق لە میانی بەشداریکردنی لە پانێڵی ئینیستیتیوتی مێری بەناونیشانی "کۆتاییهێنان بە جەنگ و بردنەوەی ئاشتی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست" ئاماژەی بە خۆپیشاندانەکانی عێراق و کاریگەرییەکانی لەسەر هەرێمی کوردستان کرد و وتی: خۆپیشاندانی بەغدا سەرەتا خۆڕسکبو، داواکاریی خۆپیشاندەرانیش رەوان و پشتیوانیان دەکەین. بارزانی وتیشی: کێشە لە کۆی سیستەمی عێراقدا هەیە، بەتایبەت سیستەمی ئابوری، خەڵکی داوای ژیانی باشتر دەکەن، ئەوەش دەبێت زو چارەسەری بۆ بکرێت، هاوکات هەرێمی کوردستانیش بەدەر نییە لەو کێشانە و کۆی سیستەمی سیاسی عێراق پێویستی بە قسە لەسەرکردنە. سەبارەت بە پرسی هەموارکردنەوەی دەستور، نێچیرڤان بارزانی وتی: کێشەی دەستور جێبەجێنەکردنی بەندەکانییەتی نەک خودی دەستور خۆی، هەروەها هەر هەوڵێک بە ئاڕاستەی کەمکردنەوەی دەسەڵاتەکانی هەرێمی کوردستان لە دەستوردا، ناسەقامگیری سیاسی دروست دەکات. نێچیرڤان بارزانی لەبارەی دۆخی باکوری سوریایش ئاماژەی بەوە کرد "پەیوەندیی تەلەفۆنی و دیدارم لەگەڵ ژەنەڕاڵ مەزڵوم هەبوە و دوای پەیوەندیی تەلەفۆنی لەگەڵ ژەنەڕاڵ مەزڵوم دواکارییەکەیانم گەیاندە سێرگی لاڤرۆڤ". ناوبراو هەروەها وتی:"داوامان لە سێگری لاڤرۆڤ کرد کە رۆڵی نێوەندگیریان هەبێت بە ئاڕاستەی چارەسەرکردنی کێشەکانی کورد لەگەڵ دیمەشق بە شێوەیەکی ئاشتییانە و هەروەها باشترین چارەسەریش بۆ دۆخی کورد، گفتوگۆکردنە لەگەڵ دیمەشق".
بۆچوونت