تشرینی یه‌که‌م 12, 2019 16:01 Asia/Tehran
  • درێژەی شەڕو پێکدادانەکان لە باکوری سوریا بەتایبەت لە سەرێکانی

لەچوارەمین رۆژی هێرشی سوپای دەسدرێژکاری تورکیا بۆسەر باکور و رۆژهەڵاتی سوریا ناسراو بە "کانی ئاشتی" ، هێزەکانی تورکیا لە ڕۆژهەڵاتی سەرێکانی هاتنە نێو ئەو شارە.

لەکاتێکدا کە تۆپخانەی سوپای تورکیا درێژە دەدا بە تۆپبارانی بنکەو بارەگاکانی "یەکینەکانی پاراستنی گەل" (یەپەگە)، سەرچاوە هەواڵییەکان باس لە هێرشی سوپای داگیرکەری تورکیاو بەکرێگیراوان و ترۆریستانی سەربەوان بۆ نەخۆشخانەی ناوەندیی شاری سەرێکانی و بازاڕی ناوەندیی ئەو شارە لە گەڕەکی رۆناهی دەکەن.

داگیرکەرانی تورک و ترۆریستانی ژێرفەرمانیان لە سێ لاوە هێرشیان کردۆتەسەر شاری سەرێکانی و هەواڵ و ڕاپۆری زۆر لەمەڕ هێرشی ئەوان بۆسەر خوێندنگەو شوێنە گشتییەکانی ئەو شارەو ئەمبولەنسەکانی لەهاتووچۆ لەئاستی شاریشدا بڵاو بووەتەوە.

دەگوترێ سێ هەزار ئەندامی هێزی بەکرێگیراوی سوپای تورکیا لەهێرش بۆسەر سەرێکانی ئامادەن.

لەهێرشی دەسدرێژکارانی تورک و ترۆریستانی سەربەوان بۆ سەر نانەواخانەیەک لەشاری قامیشلوش دوو شارومەند کوژران.

ناوچەی عەینولعەروسیش کە بەسەدان دانیشتووی ناوچە جیاجیاکانی باکور و رۆژهەڵاتی سوریا بۆ ڕاگەیاندنی ناڕەزایەتی بە پەلامارەکانی سوپای داگیرکەری تورکیا تێیدا کۆببوونەوە کەوتە بەرئامانجی پەلاماری ئاسمانیی هێزە دەسدرێژکارەکان.

هێزەکانی تورکیا رۆژی هەینی پەلامارەکانیان بۆسەر بنکەو بارەگاکانی کوردان لەباکوری سوریا و شاری کۆبانێ چڕکردەوە.

هێزەکانی سوریای دیموکراتیک هەوڵ دەدان بەکەڵک وەرگرتن لە تونێل و سەنگەرەکان پێش بگرن بە پێشڕەویی هێزەکانی تورکیا. ئەو هێزانە رۆژی پێنج شەممە یازدە ئاواییان داگیرکرد. هەڵبەت کوردەکان پاشتر، کۆنترۆڵی دوو گوندیان جارێکی دیکە  گرتەوە دەست.

لە لایەکی دیکەوە رۆژی رابردوو سەرچاوە هەواڵییەکان ڕایانگەیاند کە ژنانی بەندکراوی داعشی لە یەکێک لە ئۆردوگاکانی راگرتنیان لەباکوری سوریا هەڵاتوون.

"ئالدار خەلیل" لە بەرپرسانی کوردی سوریاش وتی: حکومەتی تورکیا هێزەکانی داعش کە لەچەند مانگی ڕابردوودا لە هەڵمەتی شەڕڤانانی کورد لەناوچە جیاجیاکانی سوریا پەرتەوازە ببوون جارێکی دیکە ئەوانی کۆکردۆتەوەو لە هێرشی نوێی سەر کوردەکان، ئەوانی ڕێکخستووەتەوە.

لەهەمان کاتدا، روانگەی سوری بۆ مافی مرۆڤ ڕایگەیاند؛ حەفتاو چوار کەس لە کەسانی چەکداری ژێرسەرکردایەتیی کوردانی سوری لە دەسپێکی هێرشی تورکیا بۆسەر سوریا کوژراون.

پاش دەسپێبوونی هێرشی سەربازیی سوپای تورکیا بۆسەر سوریا، بەپێی ڕاپۆری ڕێکخراوی نەتەوەکان، لەماوەی سێ رۆژ پەلامار، سەت هەزار کەس لە دانیشتووانی ناوچە، ماڵ و حاڵی خۆیانیان جێهێشتووە. ئەو هەڵاتنە بەرفراوانە، ترس لە هاتنەدی کارەساتێکی مرۆیی بەدیهێناوە.

پەیامنێری فرانس پرێس٢٤ لەوبارەوە وتی: لۆریە بارهەڵگرەکان سەرێکانی جێ  دێڵن ئەو خێزانانەی هەموو ماڵ و سامانی خۆیان لە قەنەفەو مۆبل و ڕاخەر بگرە هەتا پێخەو و جانتایان پێیە، سواری ئەو لۆریانەن. ئەوە لەکاتێکدا کە بۆردومانەکانی سوپای تورکیا تەشەنا دەکا، خێزانەکان لەو شارە سنوریەی هەڵکەوتوو لەباکوری رۆژهەڵاتی سوریا هەڵدێن. ڕێکخراوە ناحکومەتییەکان لەسەرهەڵدانی قەیرانێکی مرۆیی دیکە دەترسن. 

دوکتور حەسەن بەرپرسی نەخۆشخانەی تەل تەمریش وتی: خەڵکانێکی زۆری مەدەنی بریندار بوون. تابەمڕۆ هەشتاو نۆ کەسی سیڤیل بۆ وێنە چوار منداڵ و پانزە ژن بریندار بوون. بریندارەکانی دیکەش کەسانی بەساڵاچوون.هەڵاتن لە سەرێکانی ئەستەمە چونکە فڕۆکە جەنگییەکان ئۆتۆمبیلەکان دەکەنە ئامانج.