تشرینی یه‌که‌م 17, 2019 19:07 Asia/Tehran
  • بەشار ئەسەد لەمیانەی چاوپێکەوتن لەگەڵ فالح فەییازدا : بەهەموو شێوازێک بەرەوڕووی دەسدرێژکاریی تورکیا دەبینەوە

سەرۆک کۆماری سوریا لە لێدوانێکدا پێی داگرت : بەهەموو تواناو شێوازێکی یاسایی وەڵامی دەسدرێژکارییەکانی تورکیا دەدەینەوە.

بەپێی ڕاپۆری هەواڵدەریی مێهر بەگێڕانەوە لە هەواڵدەریی سانا؛ "بەشار ئەسەد" سەرۆک کۆماری سوریا ئەمڕۆ پێنج شەممە چاوی کەوت بە "فالح فەییاز"ی ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی ئێراق .

بەپێی ئەو ڕاپۆرە، "بەشار ئەسەد" لەو چاوپێکەوتنەدا کاردانەوەی پێشاندا بە هێرشی تورکیا بۆسەر باکور و باکوری رۆژهەڵاتی ئەو وڵاتە.

ناوبراو هێرشی تورکیا بۆسەر باکور و باکوری رۆژهەڵاتی سوریای بەتوندی شەرمەزار کرد.

بەشار ئەسەد لەوبارەوە وتی: بەهەموو تواناوە وەڵامی دەسدرێژکاریی تورکیا دەدەینەوە و لەهەموو ڕێگاو شێوازە ڕەوا و یاساییەکان بۆ بەرەنگاربوونەوەی دەسدرێژکارانی تورکیا کەڵک وەردەگرین.

سەرۆک کۆماری سوریا هەروەها پێی داگرت: ئەگەرچی دەسدرێژکاریی تاوانکارانەی تورکیا بۆسەر باکوری سوریا بەدروشمی درۆئین ئەنجامی گرتووە بەڵام ئامانجەکەی، هێنانەدی تەماحکارییەکانی ئەردۆغانە.

لەو دیمانەدا، فالح فەییاز، پەیامێکی لەلایەن عادل عەبدولمەهدی، سەرۆک وەزیرانی ئێراق ئاراستەی سەرۆک کۆماری سوریا کرد.

بەپێی راگەیاندنی میدیا عەرەبیەکان، پەیامی "عادل عەبدولمەهدی" لەبارەی ڕێگاکانی بەهێزکرانی پەیوەندییە دوولایەنەکان و بەرزکردنەوەی ئاستی هاواهەنگیی نێوان دوو وڵات بۆ باڵاترین ئاستی مومکین و ئەو بوارانەیە کە پرسی بەرەنگاربوونەوەی ترۆریزم و ئاسایشی سنورەکان لەخۆدەگرێ.

سەرۆک وەزیرانی ئێراق لەو پەیامەدا هەروەها خوازیاری هاوکاریی ئابوری و کرانەوەی دەروازە سنوریەکانی نێوان سوریاو ئێراق بووە.