تشرینی دووه‌م 07, 2019 12:17 Asia/Tehran
  • ئامادەیی ڕاگەیاندنی ڕووسیا بۆ یارمەتی دانی دەست پێ بوونی دانوستانی دیمەشق لەگەڵ کوردانی سووریا

سێرگێئی وەرشینین ، یاریدەری وەزیری کاروباری دەرەوەی ڕووسیا لە وتەگەلێکدا جەختی کرد: ڕووسیا ئامادەیە ھەتا بۆ دەست پێ بوونی دانوستانی دیمەشق لەگەڵ کوردانی سووریا ئەوەی پێویست بێت، بیکات.

بە پێی ڕاپۆرتی کورد پرێس، سێرگێئی وەرشینین ، یاریدەری وەزیری کاروباری دەرەوەی ڕووسیا لە وتەگەلێکدا وێڕای ئاماژەکردن بە «ئامادە بوونی ڕووسیا بۆ گێڕانی ڕۆڵێکی ئەرێنی و چالاک لە ئاراستەی یەک گرتنی ھێزەکانی سووریای دیموکراتیک و سوپای سووریا»، وتیشی: ھەر بەوجۆرەی کە گەلێک جار ڕامانگەیاندووە، ئێمە لە پێکھاتنی ڕەوتی دانوستان و دیالۆگی نێوان نوێنەرانی کوردی سووریا لەگەڵ دەوڵەتی ناوەندیی سووریا پشتگری دەکەین و ئامادەی یارمەتی دانی ئەم ڕەوتەین.

بە پێی نووسینی ھەواڵدەریی سپۆتنیک،یاریدەری وەزیری کاروباری دەرەوەی ڕووسیا لە درێژەی وتەکانی دا جەختی کرد: ئێمە کورد بە بەشێکی دانەبڕاوەی کۆمەڵگای سووریا دەزانین و بۆ ئاوا دانووستانێکیش ئامادەین ئەوەی پێویست بێت بیکەین.

جێگای ئاماژەیە بەرلەمەش دەوڵەتی ناوەندیی سووریا بە شێوەی فەرمی داوای لە ھێزەکانی سووریای دیموکرات کردبوو کە بە سوپای سووریاوە پەیوەست ببن، بەڵام ھێزەکانی سووریای دیموکرات بە ڕاگەیاندنی ئەمەی کە ئاوا پەیوەست بوونێک دەبێ لە چوارچێوەیەکی سیاسی و بە ڕێککەوتنێکی سیاسی ئەنجام بگرێت، ئەم داخوازییەی ڕەت کرد بووەوە.