کوردانی سوریا بۆ ڕێککەوتن لەگەڵ دەمشق، شەرتیان دانا
فەرماندەری گشتیی هێزەکانی سوریای دیموکراتیک بەئاماژە بەوەی کە پێویستە دەمشق هەڵوێستێکی ئەرێنیتر بگرێتەبەر هەمبەر بە کوردەکان، پێی داگرت: دوو شەرتی سەرەکی بۆ ڕێککەوتن لەگەڵ حکومەتی دەمشق لەئارادایە.
بەپێی ڕاپۆری هەواڵدەریی ئیسنا، "مەزلووم کۆبانی" فەرماندەری هێزەکانی سوریای دیموکراتیک"هەسەدە" لە کاردانەوە بە لێدوانەکانی بەشار ئەسەد، سەرۆک کۆماری سوریا لەبارەی پرسی کورد بە کەناڵی ڕووداوی ڕاگەیاند: خاڵی ڕاست ئەوەیە کە ئێمە چاوەڕوانی ئەوەین ڕوانگەی حکومەتی سوریا بەرامبەرمان باشتر و ئەرێنیتر بێ.
مەزلووم کۆبانی وتی: هەنگاوگەلێک بەرچاو دەکەوێ کە دەکرێ بە ئەرێنیان بزانین .
ئەو هەروەها بەئاماژە بە "پێداگریی دەمشق لەسەر ڕێککەوتن لەگەڵ کوردەکان، دانوستان لەگەڵیان و ڕاوەستان لەتەنیشتیان لەهەمبەر داگیرکەریی ترکیا"، وتی: ڕەوت و هەڵوێستی ئەسەد هەمبەر بە پرسی کورد و چارەسەریی کێشەی ناوچەی باکور و باکوری رۆژهەڵاتی سوریا ، بەڕادەی پێویست نەبوو.
مەزلووم کۆبانی هەروەها وتی: ئێمە دوو مەرجی سەرەکیمان بۆ ڕێککەوتن لەگەڵ حکومەتی سوریا هەیە، یەکەمیان، بەڕێوەبەرایەتی ئێستا لەباکور و ڕۆژهەڵاتی وڵات وەک بەشێک لە بەڕێوەبەرایەتی گشتیی سوریا لەچوارچێوەی دەستوردا بەفەرمیی بناسێندرێ. دووهەم مەرجیشمان ئەوەیە کە، هێزەکانی سوریای دیموکراتیک وەک دەزگەیەکی سەربەخۆ وتایبەت درێژە بە چالاکییەکانیان بدەن یان بەواتایەکی دیکە سەربەخۆییان لە چوارچێوەی سیستەمی ئاسایشی گشتیی سوریا بپارێزن. ناوبراو هەروەها وتی: داوای کوردان ئەوەیە کە داڕشتی سەربازیی خۆیان بپارێزن و وەک بەشێک لە سوپای سوریا، لەناوچەکانی ژێر کۆنترۆڵیان وەک هەموو ناوچەکانی باکور و رۆژهەڵاتی سوریا ئەرکەکانیان لەمەڕ پاراستنی ئەو ناوچانە جێ بەجێ بکەن. دەمشق قەبووڵی دەکا کە کوردەکان بەشێک بن لە سوپای ئەو وڵاتە بەڵام بێ سەربەخۆیی سەربازیی ئەوان. کەوایە حکومەت دەیەوێ ئەو هێزانە لەچوارچێوەی تاک و یان ڕێبەر پەیوەستی سوپا بن کە ئێمە ئەوەمان پێ قەبووڵ ناکرێ.