کانونی دوھەم 16, 2020 09:01 Asia/Tehran
  • ڕزگارکرانی ناوچەگەلێکی تازە لە ئیدلەبی سووریا

سەرچاوە هەواڵییەکان ڕایانگەیاندووە: ناوچەگەلێکی تازە لە پارێزگای ئیدلەب لە باکووری ڕۆژئاوای سووریا لەژێر ڕکێفی تاقمە جۆربەجۆرە تیرۆریستییەکان ڕزگار کرا.

چەند سەرچاوەیەکی مەیدانیی سووریا ڕۆژی چوارشەممە بە هەواڵدەریی سپۆتنیکی ڕووسیای ڕایانگەیاند:دوابەدوای هەڵمەتی لە ناکاوی سوپای سووریا کە بووە هۆی تێکهەڵچوونی توند لەگەڵ تیرۆریستانی تاقمی هەیئەتی تەحریرۆششام و تاقمە تیرۆریستییەکانی دیکە، ناوچەکانی ناحیەی ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوا، باکووری ناوچەی ئەلبەرسە و ناوچەگەلێکی دیگە لە گردوپەڕی باشووری ڕۆژهەڵاتی پارێزگای ئیدلەب ڕزگار کرا.

بە پێی ئەم ڕاپۆرتە، دەست پێ بوونەوەی هەڵمەتی سوپای سووریا لە کاردانەوە بە پێشێلکرانی بەردەوامی ڕێککەوتنی ئاگربڕ لە ئیدلەب لە لایەن تیرۆریستان و هێرشیان بۆ سەر مۆڵگەی لەشکریانی سووری ئەنجامی گرتووە.

سەرچاوە مەیدانییەکان ڕایانگەیاندووە، هێرشی یەکەکانی سوپای سووریا کە بە پاڵپشتی فڕۆکەشەرکەرەکانی ڕووسیا ئەنجامی گرت، هەروەها بووە هۆی تێکچوونی هێڵی فریاکەوتنی تیرۆریستان لە ئیدلەب و شوێنی مۆڵ درانیان کرایە ئامانج.

تاقمی تیرۆریستیی هەیئەتی تەحریرۆششام یان هەمان بەرەی نوسرە کۆنترۆڵی زۆربەی ناوچە سەر سنوورییەکانی نێوان سووریاو تورکیای لە پارێزگای ئیدلەب لەژێر ڕکێف دایە.

سوپای سووریا لە 19ی دیسامبەری 2019 هەڵمەتێکی سەربازیی بەربڵاوی بۆ ڕزگار کردنی ناوچەکانی باشووری ڕۆژهەڵاتی پارێزگای ئیدلەب دەست پێکرد و لەم ماوەیەدا توانیویەتی دەیان ناوچە لەژێر ڕکێفی تاقمە تیرۆریستییەکان ڕزگار بکات.

 

سەرپەیڤ