ئه‌یلوول 24, 2020 13:25 Asia/Tehran
  • لە چەندین ناوچەی سووریا دژی ئامادە بوونی لەشکریانی تورکیا لە خاکی وڵاتەکەیان ڕێپێوان کرا

لە شارەکانی «تەبقا» و «ڕەقا» و «منبەج»ی باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا، بە ھۆی خۆپبشاندان و ڕێپێوانەوە ئامادە بوونی لەشکریانی تورکیا لە خاکی ئەو وڵاتەو کوشت و بڕی شارومەندانی سووری بە ھۆی تیرۆریستانی ژێرفەرمانی تورکیا ئیدانە کرا.

لە شاری «تەبقا» بە ئەنجامدانی ڕێپێوانێک بە پێشەنگایەتی ئافرەتان، وێنە و پۆستەری ئەو منداڵ و هاوڵاتیە مەدەنیانە بەرز کرانەوە کە لە لایەن لەشکریانی تورکیاو یان تیرۆریستانی ژێر فەرمانیەوە کوژراون. 

ڕێپێوانەکە لە ناوەندی وەرزشیی شارەکەوە دەستی پێکرد و تێیدا بە دەیان ژن بەشداریان تێدا کرد و دروشمی ئیدانەکردنی بێدەنگیی نێودەوڵەتی لە بەرامبەر تاوانەکانی لەشکریانی تورکیایان بەرز کردەوە.

لە شاری «ڕەقا»ش بە هەمان شێوە ڕێپێوانێک بۆ ئیدانەکردنی داگیرکاری و ئامادە بوونی سوپای تورکیا لە خاکی سووریا بەڕێوەچوو. ڕێپێوانەکە ھەتا بەردەم شارەوانیی ناوچەکە بەردەوام بوو. «خالید ئەلخەمری» هاوسەرۆکی شارەوانی ناوچەکە وتەیەکی پێشکەش کرد و وتی:هەرێمی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە هۆی ئەوەی دەوڵەمەندە بە ژێرخانی ئابووری، زەق بووەتەوە لەبەر چاوی هێزی داگیرکەر و ئیمپریالیستیەکان، بەڵام لە هەمان کاتیشدا ئەم ناوچەیە بەو گردبوونەوە و ئیرادە مێژوویە دەناسرێتەوە کە لە بەرامبەر تیرۆریستان و داگیرکەران لە خۆی پیشانی دەدات.

ئەمەو لە لایەکی دیکەوە ئەنجومەنی گەنجانی «منبەج»یش لە ڕاگەیێنراوێکدا تیشکی خستە سەر ئامادە بوونی سوپای تورکیاو تیرۆریستانی ژێر فەرمانی لە بەشێک لە خاکی سووریاو پێی داگرت:

لە ئێستادا دەوڵەتی تورکیا بووەتە سەرچاوەی تیرۆرو داکۆکیکردن لە تیرۆریستان و بەم پێیە وا ھەڵدەگرێت کە بە ھەموومانەوە بەرامبەر بەو تاوانکارییانە بوەستین.

گەنجانی «منبەج» لە کۆتایی ڕاگەیەندراوەکەیان دا بانگەوازێکیان ئاڕاستەی هەموو پێکهاتەکانی وڵاتەکەیان کردووە کە لە دژی تیرۆریستان و داگیرکەران بوەستن و ڕایانگەیاندووە: ئێمە خاوەنی ئەم خاکەین و دەیپارێزین و ھەر لێرەوە لە شاری «منبەج»  بۆ سوریایەکی ئازاد و دیموکرات تێدەکۆشین.

سەرپەیڤ