ئه‌یلوول 25, 2019 12:50 Asia/Tehran
  • زەریف: کۆمەڵگای جیهانی دەسدرێژکاریی رژیمی زایۆنی بۆسەر سوریا ڕابگرێ

وەزیری دەرەوەی ئێران بەپێداگری لەسەر ڕێزگرتنی هەموو حکومەتەکان لەیەکپارچەیی خاکی سوریا، وتی: کۆمەڵگای جیهانی دەبێ ڕژیمی زایۆنی ناچار بکا کۆتایی بێنێ بە دەسدرێژکارییەکانی بۆسەر سوریا.

"محەممەد جەواد زەریف" سەرلەئێوارەی دوێنێ لە "دانیشتنی باڵای یەکێتی ئوروپا لەبارەی قەیرانی سوریا" کە لە بنکەی ڕێکخراوی نەتەوەکان لە نیۆیۆرک بەڕێوە چوو، بەئاماژە بەوەی کە دەسدرێژکاریەکانی رژیمی ئیسرائیل بۆسەر سوریا ، بارودۆخی ئەو وڵاتە ئاڵۆزتر دەکا، وتی: گشت ئەو هێزە بیانییانەی بێ ئیزنی حکومەتی سوریا لەخاکی ئەو وڵاتە ئامادەن، دەبێ لەسوریا بچنەدەر.

زەریف، کردەی ئەمریکا لەمەڕ بەڕەسمییەت ناسینی داگیرکەریی ئیسرائیل بەسەر بەرزاییەکانی جولان لە خاکی سوریای بەنایاسایی و بەتاڵ زانی و وتی: جەولان بەشێکە لەخاکی سوریا.

سەرۆکی دەزگەی دیپلۆماسیی ئێران لەبارەی ڕێگاچارەی سیاسیی قەیرانی سوریاش وتی: ئێران هەردەم پێی داگرتووە، قەیرانی سوریا تەنیا لەڕێی ڕەوتێکی سیاسی بەسەرۆکایەتی سوریاو بەیارمەتیی ڕێکخراوی نەتەوەکان چارەسەر دەبێ.

زەریف بەئاماژە بە ڕەوتی ئاستانە وتی: کۆبوونەوەکانی ئەم دواییەی ئاستانە هەرچەشنە هەوڵدانێک بۆ هێنانەدی ڕاستییە نوێکان بەبیانووی بەرەنگاربوونەوەی ترۆریزم، بۆ وێنە دەسپێشخەرییە نایاساییەکانی خودموختاری ڕەت کردەوە.

وەزیری دەرەوەی ئێران وتی: ئێران بەمیوانداریی کۆبوونەوەکانی دواتری ئاستانە، لەپێناو چەسپاندنی ئاشتی و سەقام لەسوریا هەوڵی زیاتر دەدا.

زەریف هەروەها پێی داگرت لەسەر گەڕانەوەی پەناخوازانی سوری بۆ وڵاتەکەیان و وتی: بەسیاسی کردن یان پێش گرتن بە گەڕانەوەی پەناخوازان و ئاوارەکان قەبووڵنەکراوە.

سەرپەیڤ