May 28, 2020 20:38 Asia/Tehran
  • موسەوی: دەوڵەتی ئەمریکا ستایشی ڕەگەزپەرستی دەکات

وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران وێڕای ئاماژە کردن بە قەڵاچۆ ڕەش پێستەکان لە لایەن پۆلیسی ئەمریکاوە، پێی داگرت: دەوڵەتی ئەمریکا ستایشی ڕەگەزپەرستی دەکات.

ئەفسەرێکی سپی پێستی ئەمریکا ڕۆژی دووشەممە «جۆرج فلۆید»ی ڕەش پێستی لە شاری «مینیاپۆلیس» لە ئیالەتی «مینەسوتا» کوشت.

«سەیید عەبباس موسەوی» وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران ئەمڕۆ پێنج شەممە لە توییتێکدا نووسی: کوژرانی دڕندانەو زۆر لەسەرەخۆی «جۆرج فلۆید» بە ھۆی پیاوێکی سپی پێستەوە کە بەرگی پۆلیسی لە بەردایە، بەشێوەیەکی سامناک دەربڕی ڕەگەزپەرست بوونی گەڵاڵەبۆکراوو بە ئەوبەرتر زانینی ڕەگەزی سپییە، دیاردەیەک کە بەوپەڕی دڵڕەقییەوە لە لایەن دەستەڵاتدارانی ئێستای ئەمریکاوە ستایشی دەکرێت.

وەزارەتی دەرەوەی ئێران ڕۆژی چوارشەممەش لە توییتێکدا نووسی: شەش ساڵ پاش پاڕانەوەکەی «ئێریک گارنێر» کە دەیگوت «ھەناسەم لێبڕاوە»، لە ئێستادا جارێکی تر «جۆرج فلۆید» ڕەش پێستێکی دیکە، دوای دەستبەسەر کرانێکی بێ بەزەییانەو نامرۆڤانە ھەر بە ھەمان ڕستەوە گیانی لە دەست دا.

وەزارەتی دەرەوەی ئێران جەختی کردووە، وادیارە توندوتیژیی پۆلیسی ئەمریکا دژی ڕەش پێستان ھیچ سنوورو کەوشەنێکی بۆ نییە وەک ھەموو جارێک وەڵامی ئەمریکا بە داخوازیی ڕەچاوکرانی دادگەری، بەکارھێنانی توندوتیژی و داپڵۆساندنە.

بە پێی ڕاپۆرتەکان لە ماوەی چوارمانگی سەرەتای ساڵی ٢٠٢٠ زیاتر لە ٢٠٠ شارومەندی ئەمریکی لە بەر توندوتیژیی پۆلیسی ئەم وڵاتە گیانیان لە دەست داوە.

بە شێوەیەکی ئاسایی دادگەکانی ئەمریکا، ئەوفەرمانبەرانەی پۆلیس کە دڕندەکاری دژبە ڕەش پێستەکان دەکەن ، بە تاوانبار نازانن و یان سزایەکی قورسیان بۆ لەبەرچاو ناگرن.