ئه‌یلوول 18, 2018 08:46 Asia/Tehran
  • جێگری دووەمی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق هەڵبژێردرا

لە میانی دانیشتنەکەی رۆژی یەکشەممە 16ـی ئەیلوولی 2018ـی پەرلەمانی عێراقدا، کە بە سەرۆکایەتیی بە محەمەد عەلی زەینی، سەرۆکی کاتیی پەرلەمنا بەڕێوەچوو، جێگری دووەمی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق کە پشکی کوردە، هەڵبژێردرا.

لە پرۆسەی دەنگدانی نهێنیدا، کە 282 پەرلەمانتار تێیدا بەشدار بوون و هەریەکە لە د. بەشیر خەلیل، لە فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان و ئەحمەدی حاجی ڕەشید لە فراکسیۆنی کۆمەڵی ئیسلامی کاندید بوون، پەرلەمانتاران دەنگیان بە د. بەشیر خەلیل دا و وەک جێگری دووەمی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق هەڵیان بژارد.

ئەمە لە کاتێکدایە، کە لە خولی یەکەمی دەنگدانی نهێنی بۆ هەڵبژاردنی جێگری دووەمی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق، هەریەک لە د. بەشیر خەلیل و ئەحمەدی حاجی رەشید و موسەننا ئەمین لەگەڵ ئاڵا تاڵەبانی خۆیان کاندید کردبوو، بەڵام هەرچەندە ئاڵا تاڵەبانی لە کێبڕکێکە کشایەوە و د. بەشیر خەلیل 152 دەنگی پەرلەمانتارانی بەدەست هێنا، هیچ یەکێک لە کاندیدەکان نەیانتوانی دەنگی پێویست کە 166 دەنگ بوو، بەدەست بهێنن، بەو هۆیەوە پرۆسەکە بۆ خولی دووەمی دەنگدان دواخرا.